کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئاڵمان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ یادی شەھیدانی میکۆنۆس بەڕێوەچوو

12:36 - 25 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی بە دەستی تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕیستۆرانی میکۆنۆس لە شاری بێرلین، ڕێورەسمێکی تایبەت بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە، ٢٣ی خەرمانان، لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان، بە بۆنەی تێپەڕینی ٢٧ ساڵ بەسەر شەهیدکرانی دوکتور ''سادق شەرەفکەندی'' و هاوڕێیانی، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفا لە لایەن کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئاڵماندا، لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان دانرا و پاشان ''ڕەشید ڕەحمانی" بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، پەیامێکی پێشکەش کرد.

''ڕەحمانی'' لە پەیامەکەیدا وێڕای یادکردنەوە لە شەهیدانی میکۆنۆس، ئاماژەی بە بەشێک لە جینایەت و زوڵم و زورداریی ڕێژیم ئێران لە کوردستان و بەتایبەتیش پاش ڕاگەیاندنی ڕاسانی ڕۆژهەڵات وتی: "پاش ڕاگەیاندنی ڕاسانی پڕشکۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات و شادبوونەوەی گەلی کورد بە دیداری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شار و گوندەکانی نیشتمان و کرانەوەی ڕووپەڕێکی زێرینی نوێ لە خەبات و تێکۆشان کە بووە هۆی شکستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرانبەر ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کورد و وەخرۆشکەوتنەوەی بزاڤی ڕزگاریخوازی".

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئیسلامی وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی وێڕای تێرۆری چەندین پێشمەرگە و تێکۆشەری کوردستانی ڕۆژهەڵات لە باشوور، ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی بە مووشەک هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە کە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی دەیان تێکۆشەری کوردستانی ڕۆژهەڵات و هاوکات پێنج چالاکی سیاسیی کوردی ئێعدام کرد کە دوو کەس لەوانە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون و بە برینداری پاش بە دیلگیرانیان لە لایەن تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامییەوە، شەهید کران.

بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئاڵمان ڕوو بە دەرەوە و هەموو ئازادیخوازان، ناوەندەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ و وڵاتانی دێموکرات وتی: "تا ئەو کاتەی ڕێژیمی ئیسلامی لە دەسەڵاتدا بێت، نەتەنیا کوردستان و ئێران، بەڵکوو بەگشتی جیهانیش ئارامی بە خۆیەوە نابینێت".

''ڕەشید ڕەحمانی'' لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی لەوە کرد: "دەستتێوەردانی بەردەوامی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان، پشتیوانی لە تاقم و گرووپە تیرۆریستەکانی جیهان و خستنە مەترسیی ژیانی مرۆڤەکان، بەڵگەی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن، بەڵام ئێمەی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی وێڕای ئازادیخوازان بەردەوام دەبین و تا کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە تێرۆریستییە درێژە بە خەبات دەدەین وهاوکات داوا لە جیهانیش دەکەین کە لە شەڕی دژی تێرۆردا و بەتایبەتیش شەڕی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بەشداری بکات و پێکەوە لە دابینکردنی ئارامیی ناوچە و جیهان خەبات بکەین".

لە بەشێکی تری ئەو ڕێورەسمەدا، ''فەوزیە ئەسعەد''، بەرپرسی لقی شەشی پارتی دێموکراتی کوردستان، چەپکە گوڵی لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی میکۆنۆس دانا و دواتر پەیامی کۆمیتەی ئاڵمان بە زمانی ئاڵمانی لە لایەن ''مەتین چەلیک'' خوێندرایەوە.

دواتر ''شەهریار نەقشبەندی''، بەرپرسی ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات لە ئورووپای ناوەندی و "حاجی جوندی" بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی بێرلین، قسەیان بۆ بەشداربووان کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، کەسایەتیی سیاسی و ئەدەبی و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەشدار بوون، چەندین پەیام پێشکەش بە بەڕێوەبەرانی ڕێورەسمەکە کرا و چەند هۆنراوە و هەڵبەستیش خوێنرانەوە.

هەر بەو بۆنەوە، ''خوسرەو مینبەری'،' بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان لە نییەری قەڵای دێموکراتەوە، چەپکە گوڵێکی لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان دانا.