کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئاڵماندا رێز لە ٧٣هەمین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکرات گیرا

12:35 - 29 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ئاڵمان جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە شاری فرانکفۆرت بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ئاڵمان جێژنی ٢٥ی گەلاوێژی لە شاری فرانکفۆرت بەڕێوە برد.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" لە لایەن کۆڕی هونەریی یەکیەتیی لاوان و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی سوورخەڵاتی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کۆمیتە، لە لایەن "ڕەشید ڕەحمانی" بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن خوێندرایەوە. ڕەحمانی سەرەتا باسی لە مێژووی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و پێویستیی دروستبوون و کارتێکەرییەکانی لە بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامەدا ئاوڕ لە مێژووی چل ساڵ تەمەنی پڕ لە جەنایەتی کۆماری ئیسلامی و خەباتی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دژی ئەو ڕێژێمە تۆتالیترە و بەتایبەتیش ڕووپەڕی نوێی خەباتی شاخ و شار کە بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات ناسراوە، درایەوە.

لە درێژەی پەیامەکەدا هاتبوو کە :" حیزبی دێموکرات پاش دوو دەیە خەباتی سەخت و پڕ لە فیداکاری بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە کوردستانی لێ کردبووە گۆڕستانی داگیرکەران، بەناچاری و لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی خوشک و براکانمان لە هەرێمی کوردستانی باشوور کە درێژەی بە خەباتی سیاسی و نەتەوەیی خۆی ئەدا، سەرئەنجام لە نەورۆزی ٢٠١٦ و بەپێی پێویستی و هەلومەرجی تایبەتی ناوچە ڕووپەڕێکی نوێی لە خەبات هەڵدایەوە و بە فەرمی پێشەنگایەتی قۆناغی نوێی خەباتی نەتەوەیی کە بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات ناودێر کراوە بەدەستەوە گرت.

مانیفێست و فەلسەفەی ڕاسان لەگەڵ مانیفێست و فەلسەفەی دەسپێکی خەباتی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٩٤٥دا تەواوکەری یەکترین. لەبەر ئەوەی دەسپێکی قۆناغی ڕاسان کۆمەڵێک پێواژۆی نوێی هێناوەتە نێو ڕۆژەڤی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئامانجی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی گشتگیر و ڕوونتر کردووە و ستراتیژیی درێژخایەنی ڕاسان ڕزگاریی نیشتمانیی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ڕێکخستن و خەباتی مەدەنی لە نێوخۆ، پێکهێنانی ناوەندی هاوکاری حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و بە نێونەتەوەیی کردنی پرسی کورد و بوون بە ئەکتەرێکی شوێندانەر لە موعادڵە سیاسییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، حزووری بەردەوامی پێشمەرگە لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە دەسکەوتە بەنرخەکانی ڕاسانن کە بێ گومان بەهای بە نرخیان بۆ دراوە".

لە درێژی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی کۆمیتەکانی "پارتی سۆسیالیستی کوردستان، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی شپیلا پێشەڕۆژ( کوردستانی سووریە) لە ئورووپا خوێندرانەوە.

هاوکات پەیامی پیڕۆزبایی هەرکام لە :"کۆمەڵە، ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، یەکیەتیی فیدائیانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان"یش بۆ ئەو ڕێوڕەسمە نێردرابوون.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕسمەدا بە نوێنەرایەتی بەڕێز مستەفا هیجری " لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" لەوحی ڕێزلێنان لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان پێشکەش بە "عەبدوڵڵا عێزەت پوور" تێکۆشەری دەیان ساڵەی خەباتی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات کرا.

هەروەها کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان هەر بەو بۆنەوە لەوحی ڕێزلێنانی خۆی بە "عەبدوڵڵا عێزەت پوور" بەخشی.

 جێژنەکە بە کورتە شانۆیەکی پێشمەرگە لە لایەن یەکیەتیی لاوان و خوێندنەوەی سروود و گۆرانی لە لایەن تیپی مۆسیقای کابووکێ کۆتایی پێهات.

لەو ڕێوڕەسمەدا بە بۆنەی سەرکەوتنی بیرمەندی لاو "کۆچەر بیرکار" بەنێرێکی تایبەت کە هەڵگری پەیامی پیرۆزبایی لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکرات بوو، لە ساڵۆنی رێورەسمەکە وەک رێزلێنان لە ناوبراو هەڵواسرابوو.