کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەرەبەری ١٣ی خەزەڵوەر نرخی دۆلار دیسان هەڵکشایەوە

12:16 - 10 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: نرخی دۆلار و سکە کە نزیک بە مانگێک بوو، کە ئاڵۆگۆڕی بەسەردا نەهاتبوو، بە هۆی کاریگەریی خولی دووهەمی گەمارۆوەکان دیسان بەرز بوونەوە.

لە حاڵێکدا کە لە ماوەی یەک مانگی دواییدا، نرخی دۆلار لە دەوروبەری ١٣٨٠٠ تمەن بوو، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەزەڵوەر، ئەم نرخە گەیشتە١٥٢٠٠ تمەن، کە بەپێی ڕاپۆرتەکانی بازاڕی ئەرز لە ئێراندا، ئەم نرخە بەرزترین نرخ لە یەک مانگی دواییدا بووە.

جیا لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، نرخی سکە و زێڕیش لە ناکاو هەڵکشان و سکە بە ٥ میلیۆن تمەن، مسقاڵێک زێڕ بە یەک میلیۆن و ٩٦٠ هەزار تمەن و گرەمێک زێڕی ١٨ عەیار بە ٤٧٩ هەزار تمەن فرۆشراون.

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و زێڕ کە پیوەندیەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ وەگەڕخرانەوەی خولی دووهەمی گەمارۆوەکان هەیە، ئاماژەیەک بۆ باری گرانیی بازاڕ و کەشی سیاسی و ئابووریی کۆمەڵگای ئێرانە.

لەم پێوەندییەدا بەرپرسانی ڕێژیم کە بەردەوام دروشمی ئەوە دەدەن، کە ئامریکا ناتوانێت شوێندانەرییەکی وەها لەسەر ئابووریی ئێران و هەروەها ورەی خەڵک دابنێت، لە جیاتی چارەسەرییەکی زانستی و سەردەمیانە، خەڵک بۆ خۆڕاگریی و شوکرانەبژێری هان دەدەن.