کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە تورکیە ڕەخنەگرانی هێرش بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا دەسبەسەر کران

12:37 - 20 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: دەوڵەتی تورکیە زیاتر لە ١٢٠ کەس لە ڕەخنەگرانی هێرشی سەربازی بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوای دەسبەسەر کرد و زیاتر لە ٥٠٠ کەسیش لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

''سولیمان سویلو''، وەزیری نێوخۆی تورکیە ڕایگەیاندووە: "١٢٠ کەسمان لە ڕەخنەگرانی هێرشی سەربازی بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا دەسبەسەر کردووە و ٥٠٠ کەسیشمان  لەبەر دەستدایە و لێکۆڵینەوەیان لێدەکەین".

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە ئەم کەسانە هەوڵەکانی تورکیەیان بە هێرش ناو بردووە و بێڕێزییان کردووە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەم کەسانە دژی شەڕ و کارەساتی مرۆیی ڕخنەیان گرتووە، بەڵام لە لایەن پۆلیسی تورکیەوە بە تۆمەتی "تەبلیغاتی تێرۆریستی" دەسبەسەر و لیکۆڵینەوەیان لێ دەکرێت.

دەوڵەتی تورکیە، ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی ڕەزبەر، هێرشەکانی خۆی بۆ سەر خاکی کوردستانی ڕۆژئاوا دەست پێکرد و تا ئێستا بەهۆی ئەم هێرشانەوە، دەیان کەس گیانیان لەدەست داوە و بریندارێکی زۆری لێکەوتووتەوە و سەدان کەسیش ئاوارە بوونە و بەم هۆیەوە زۆرێک لە وڵاتان، ڕێکخراوەکان و کەسایەتییەکان ئەم هێرشانەیان محکووم کردووە.

دەوڵەتی تورکیە سەرەڕای ئەوەی کە تاکوو ئێستا گرینگییەکی بەم هۆشدارییانە و لێکەوتەکانی نەداوە، بەڵکوو ڕەخنەگرانی ئەم هێرشانە لە نێوخۆی تورکیەدا دەسبەسەر دەکات.