کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٦٠٩ دەشت لە ئێراندا، ٤٠٤ دەشتیان لە قۆناغی "قەیران"دان

17:48 - 4 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: لە سەرەتای دەیەی ٨٠ەوە هەتا ئێستا، ڕێژەی دەشتە قەدەغەکراوەکان لە ئێراندا دوو بەرانبەر بووە.

وەزارەتی وزەی ڕێژیمی تاران لە نوێترین ڕاپۆرتیدا سەبارەت بە دەشتە قەدەغە کراوەکانی ئێران ڕایگەیاند: "بەردەوامی وشکەساڵی و دەرهێنانی فراوانی سەرچاوە ئاوییە ژێر زەوییەکان بووەتە هۆی ئەوەی لە ٦٠٩ دەشت و پێدەشت لە ئێراندا، ٤٠٤ دەشت لە دۆخێکی قەیراناویدا بن".

لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٢٣ دەشت بە دەشتە قەدەغەکراوەکان زیاد بووە، کە هەموو جۆرە بەکارهێنانێکی سەرچاوە ژێرزەوییەکانیان قەدەغەیە.

وەزارەتی وزە دەڵێت: "لە سەرەتاکانی دەیەی هەشتاوە هەتاکوو ئێستا ژمارەی دەشتە قەدەغەکراوەکان دوو بەرانبەر بووەتەوە  کە لە ئێستادا ڕادەی دەرهێنان لە بیرە ڕێپێنەدراوەکان گەیشتووەتە نزیکەی ٧.٨ میلیارد مەتری چوارگۆشە.

کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوینییەکان بەشێوەیەکە کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوە ژێرزەوینییەکان بۆ ڕێژەی ١٣٠ میلیارد مەتری چوارگۆشە کە بە نزیکەی ١٠٦ میلیارد مەتری چوارگۆشەی لەم ٢٠ ساڵەی دواییدا ڕوویداوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتەی وەزارەتی وزەی ڕێژیم هەر ساڵێک بەنزیکەی ٦میلیارد مەتری چوارگۆشە لە پاشەکەوتی ئاوە ژێرزەوییەکان کەم دەکات.

بردنەوەی ئاوی ناوچە دوورەپەرێزەکان بۆ پارێزگا گەورەکان بە یەکێکی تر لە هۆکارەکانی نەمانی سەرچاوە ئاوە ژێرزەوییەکان و لەناوچوونی دەشتەکان دەزانرێت.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە کراوە، پارێزگاکانی  فارس بە نزیکەی٩٠ دەشت، کرمان ٣٧ دەشت، خۆراسانی رەزەوی ٣٣ دەشت، ئیسفەهان ٢٦ دەشت و باکووری خۆراسان ٢٥ دەشت، زۆرترین دەشتی قەدەغەکراویان هەیە.