کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵی ڕابردوودا ٣١ حوکمی ئێعدام لە پێش چاوی خەڵکەوە بەڕێوە چووە

18:26 - 5 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: لە نێوان ٥١٧ حوکمی لەسێدارەدان، کە لە ساڵی ١٣٩٦ بەڕێوە چووە، ٣١یان لە پێش چاوی خەڵک بووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانەوە، لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینی نزیک بە ٥١٧ حوکمی لەسێدارەدان، لە ١٥ پارێزگای ئێران بەڕێوە چووە، کە ٣١یان لە پێش چاوی خەڵک و لە شوێنە گشتییەکاندا بەڕێوە چوون.

ناوەند و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چەندین جار بەڕێوەبردنی حوکمی سێدارەیان لە پێش چاوی خەڵک مەحكوم کردووە.

ئانتۆنیۆ گوتریش، بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، هۆشداری جیددی بە کۆمەڵگای جیهانی لە بەرانبەر هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە و بێڕەحمانەی دژەمرۆییی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران داوە.

سەرەڕای وێنە بڵاوکراوەکان لە میدیاکانی ڕێژیمی ئێران، زۆربەی ئێعدامکراوەکان، لە پێش چاوی منداڵانەوە بووە و ئەم کرداری ڕێژیمی ئێران، لە پێش چاوی منداڵان، حاڵەتی شانۆیی بە خۆوە گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، زۆرترین ئێعدامەکان لە پێش چاوی خەڵک لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینی و بە تۆمەتی جۆراوجۆری وەک کوشتنی بەئەنقەست، دەستدرێژی، ئازار و ئەشکەنجە و شەڕ لەگەڵ خودا، بە ئێعدام مەحکووم کراون.