کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ساڵی ڕابردوودا ١٠٠ هەزار کەس هەوڵی خۆکوژییان داوە

13:46 - 16 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا، ١٠٠ هەزار کەس، هەوڵی خۆکوژییان داوە کە ئەو ئامارانە لە ڕۆژئاوای ئێراندا زیاترە.

بە وتەی "مریەم عەباسی نژاد"، بەرپرسی بەرنامەی "پێشگرتن لە خۆکوژی" لە وەزارەتی تەندروستیی ئێراندا، ساڵی ٩٧ی هەتاوی، نزیکەی ١٠٠ هەزار خۆکوژی لەو وڵاتەدا تۆمار کراوە کە بەشێکی زۆری ئەو ڕێژەیە لە ڕۆژئاوای ئێراندا بووە.

"عەباسی نژاد" هەروەها وتوویەتی کە دوو پارێزگای "سیستان و بەلووچستان" و "خوراسانی باشوور"، کەمترین ڕێژەی خۆکوژییان بووە و لە بەرانبەردا ئاماری خۆکوژی لە ١٨ پاریزگای ئێراندا سەرووتر لە نێونجیی ئەو وڵاتە بووە.

هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو ١٨ پارێزگا بریتین لە: "ئیلام، کەهگیلۆویە و بۆیرئەحمەد، کرماشان، لوڕستان، گیلان، زەنجان، هەمەدان، فارس، قەزوین، تەورێز، ئەردەبێڵ، خووزستان، مازەندەران، تاران، بووشێهر، سنە، مەرکەزی و چوارمەحاڵی بەختیاری".

ئەو کارناسە هەروەها باسی لەوە کردووە کە لە ساڵی ٩٤ـەوە تا ساڵی ٩٧، ڕێژەی هەوڵدان بۆ خۆکوژی لە وڵاتدا، بەرزبوونەوەیەکی نەرمی بە خۆوە بینیوە و لە ٩٤ کەس لە هەر ١٠٠ هەزار کەسەوە، گەیشتووەتە ١٢٥ کەس لە هەر ١٠٠ هەزار کەسدا.

لەو ڕێژەیە لە خۆکوژی، نزیکەی ٧٥ لەسەدیان، ١٥ تا ٣٤ ساڵ تەمەنیان بووە و نزیکەی ٥٠ لەسەدیشیان خێزاندار بوونە.

هەروەها ٥٣ لەسەدی هەوڵدەران بۆ خۆکوژی، خوێندنی ژێر دیپلۆمیان هەبووە و ٧٣ لەسەدیان دانیشتووی شارەکان یان پەراوێزی شارەکان بوونە.