کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ستۆکهۆڵم بە بۆنەی جێژنی نەورۆز مەراسمێکی تایبەت گیرا

11:22 - 4 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان لە وڵاتی سوئید، بە بەشداریی نوێنەرانی حیزبی دێموکرات و ڕێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكانی كوردستان و سوئید، مەراسێمکی بە بۆنەی نەورۆزەوە بەڕێوە برد.

‎ ڕۆژی شەممە، ٣ی خاکەلێوە، لە لایەن فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكان لە وڵاتی سوئید و بە بەشداریی نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكانی كوردستان و سوئید، هەروەها ژمارەیەكی بەرچاو لە هاوڵاتییانی كورد و سوئیدی، ڕێوڕەسمێکی بەشكۆ بۆ پیرۆزكردنی جێژنی نەورۆز بەڕێوە چوو و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئەو فیدراسیۆن، شاندێكی كۆمیتەی حیزبی دێموکراتیش  بە سەرپەرەستیی ''عەلی ئەسوەند''، بەشداری مەراسێمەكە بوون.

‎مەراسێمەكە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد و دواتر گرووپێکی هەڵپەڕكێ، چەندین تابلۆی هەمەڕەنگی لە هەڵپەرکێی كوردی پێشكەش بە بەشداران كرد.

‎دوابەدوای ئەوە پەیامی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە وڵاتی سوئید لە لایەن "كەیا ئیزۆل" ـ بەرپرسی فیدراسیۆن ـ خوێندرایەوە.

‎هەروەها، پارلەمانتاری سوئیدی سەر بە پارتی لیبڕاڵ، "فرێدریک ماڵم" چەند وتەیەكی سەبارەت بە كوردستان و دۆخی سیاسیی كوردەكان پێشكەش كرد.

‎لە بەشێكی دیكەی ڕێوڕەسمەكەدا، بروسكەی پیرۆزباییی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە وڵاتی سوئید خوێندرایەوە و دوابەدوای ئەوەش بروسكەی پیرۆزباییی كۆمیتەی هاوكاری هێزە سیاسییەكانی كورد و كوردستانی كە لە ١٤ حیزبی سیاسی هەر چوارپارچەی كوردستان پێك هاتووە و حیزبی دێموكراتیش ئەندامی ئەو كۆمیتەیەیە، خوێندرایەوە.

‎لە بڕگەیەكی دیكەدا، بە نیشانەی ڕێزگرتن لە پشتیوانی و خەمخۆری بەرامبەر بە پرسی كوردەكان و بارودۆخی كوردستان، خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بە فرێدریك ماڵم، دۆستی نزیك و پشتیوانی دۆزی كورد کرا.