کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەری دەدا بۆ ئەوەی لە دەست و پێی بخا

00:38 - 23 بانەمەڕ 2718

بەختیار عوسمانی

شەڕی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بەدژی داعش لە خاڵی کۆتاییدایە، ملهۆڕییەکانی کۆماری ئیسلامیش هەتا دێ، زۆرتر و بەربڵاوترە و هەڕەشەیە بۆ ناوچەکە و تەنانەت بەرژەوەندی وڵاتانی ئامریکا و ئەورووپا، بە چەشنێک کە هەموویان لە سەر دەستێوەردان و پشتیوانییەکانی ئێران لە تێرۆریزم یەکدەست هاتوونەتە دەنگ و کۆکن کە دەبێ سنوورێکی بۆ دابنرێ. هەرچی ئامریکایە لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا بە گرنگی زیاتر لە وڵاتانی ئەورووپای دەڕوانێتە ئێرانەوە، بۆیە کە دێتە سەر رێکارەکانی پێشگرتن لە کردەوە تێکدەرانەکانی رێژیمی ئێران جیاوازی دەبینرێ.

بۆ ئامریکا دوای داعش، ئێرانە، دوژمنێک کە نزیک بە ٤٠ ساڵە دروشمی " مردن بۆ ئامریکا"ی بەرز کردووەتەوە و شەقام، کتێب و رۆژنامەکانی رێژیمی تەنیوە و وادیارە لە وتنەوەی بێزار و ماندوو نەبوون، وەک چۆن تووشبوانی ماددە سڕکەرەکان گیرۆدە دەبن و پاشان دەبێتە هۆکاری مردنیان، رێژیمی ئێرانیش رێک وای لێهاتووە. ئامریکا لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵەدا زیاتر سیاسەتی بەرگری کردنی هەبووە( جیا لە دەورانی بووشی کوڕدا) تا هێرش کردن، بەڵام لە دوای هاتنەسەرکاری دانڵد ترامپ بە سیاسەتە نوێ و چاوەڕواننەکراوەکانی ئیتر سیاسەتی بە نیسبەت ئێران بە تەواوی گۆڕانی بەسەردا هاتووە و سیاسەتی هێرش، هەڕەشە و سزا بەسەر ئێراندا بووەتە گوتاری زاڵ لە کۆشکی سپی و تەنانەت هاوپەیمانەکانیشیان لە ئەورووپا و ناوچەیشدا، بە چەشنێک کە "هەڕەشەی ئێران" بە جیددی و گرنگ وەردەگرن. 

رێککەوتننامەی ناوکی(برجام) کە بەرهەمی سەردەمی بەرگری بوو، رێگر بوو لەسەر سیاسەتی هێرش کردن، بۆیە بۆ ئامریکا پێویست بوو خۆی لێ دەرباز بکا، ئەوە بوو کە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ٨ی مەی ئەمساڵدا رایگەیاند:" ویلایەتە یەکگرتوەکان لە رێککەوتننامەی ناوکی ئێران دێتەدەر". بەم چەشنە کۆتایی بە دوو ساڵ مقۆمقۆی کشانەوەی ئامریکا لەو رێککەوتننامەیە هێنا و جیهانی لەگەڵ سەردەمێکی نوێ لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران بەرەوڕوو کرد.

تا ئێستا ویست و رێکارەکانی ئامریکا بە نیسبەت ئێران بەگشتی بریتیە لە " هاوکاری زیاتری هاوپەیمانەکانی بەدژی ئێران"، "گەمارۆی زیاتر بە مەبەستی پێشگرتن لە پشتیوانی ماڵی تێرۆریزم"، " پێشگرتن لە پەرەپێدانی چالاکییە مووشەکییەکان" و "بەستنی رێگاکانی گەیشتن بە چەکی ناوکی"؛ ئەمانە ئەو رێکاکارانەیە کە بە ئاشکرا بە گوێی دنیایان داوە و بۆ ئەو مەبەستەش رایانگەیاندووە کە "هەنگاوگەلێک" هەڵدەگرن، ئێمە دەبینین لەم ماوە کورتەدا بە هەڕەشە، گەمارۆ و لە ئێستایشدا بە چوونەدەر لە رێککەوتنامەی ناوکی بەشێک لە هەنگاوەکانیان کردەیی کردووە و بەستێنیان بۆ هەنگاوی گەورەتر و شوێندانەرتر ساز کردووە.

بەهێزترین و گرنگترین لایەنی بەرامبەری ئێران لە بەرجام وڵاتی ئامریکا بوو، هەر ئەمەش ئەم رێککەوتنامەی خستووەتە بەرزەخەوە، لە لایەک ئێران ناتوانێ بکشێتەوە، لەبەرئەوە رێککەوتنەکە بەتەواوی هەڵدەوەشێتەوە و ئەوکات زۆربەی وڵاتانی جیهان یەکدەست و هاودەنگ بەدژی هەڵوێست دەگرن و ناتوانێ خۆی رابگرێ، بۆیە داوای "تەزمین واقعی" دەکا. لە لایەکی دیکەوە بەربەستی سەر ڕێی هەرچەشنە گەمارۆیەکی ئامریکای بۆ سەر ئێران شکاند و مانەوە یان نەمانەوەی ئێران لە بەرجام جیاوازییەکی ئەوتۆی نابێ، ئامریکا هەوڵ دەدا لە رێگەی کۆریای باکوورەوە دەستی بەو زانیارییە ناوکییانە بگات کە تەحویلی ئێران دراوە. 

ئەگەر بەوردی سرنجی سیاسەتی ئامریکا بە نیسبەت ئێران بدەین، پشتیوانی لە تێرۆریزم و چەکی ناوکی رێژیمی خستووەتە پاڵ و هاوتای یەک بە چەشنێک گرێی داون کە هیچیان بە تەنیا نەکرێنەوە و وەک یەک سیاسەت رووبەڕووی دەبێتەوە. پێش لە دەرچوونی لە بەرجام گەمارۆکانی لەسەر سپای پاسداران چڕ کردەوە و دەیهەوێ بە رێککەوتنیکی "واقعی، هەمەلایەنە و سەقامگیر" بە هاوکاری هاوپەیمانەکانی لەگەڵ ئێران بگا، چوونکە پێی وایە لە "پێکهاتەی گەنیو و رزیوی رێککەوتننامەی ناوکی" ناتوانێ ئامانجەکانی مسۆگەر بکا، تەنانەت فەرانسەوییەکانیش داوای وەها رێککەوتنێک دەکەن. 

رێژیمی ئێران بە تایبەت لە وڵاتانی سووریە، یەمەن، عێراق و هەروەها لە چەندین وڵاتی دیکە دەستێوەردانی ئاشکرا بە دژی سەروەری ئەو وڵاتانە و ئاشتی ناوچە و بەرژەوەندی زلهێزەکان دەکا، ئەگەر ئامریکا یەک بە یەک لەم وڵاتانە بە دژی ئێران هەڵویست بگرێ ئەوا تووشی هەزینەیەکی زۆر و بەفیڕۆچوونی کات دەبێ، بۆیە لەگەڵ ئەوەیکە ئێرانی وێڵ نەکردووە، بەڵام بە جێگەی ئەوەی دەست و لاقی ببڕێتەوە هەوڵ دەدا بە هێرشی راستەوخۆ لە ناوەندی فەرمانیان واتە لە مێشکی پەیکەرەکە بدا، بەم چەشنە هەم مێشکەکە تووشی بەرگری کردن لە خۆی و لاوازی دەکا و هەمیش دەست و پێی کورت دەکاتەوە.

ئێران ئەگەرچی وەک نەریتی هەمیشەیی کۆمەڵێک دروشمی جوێنی دا و کشانەوەی ئامریکایشیان بە بەرەکەت زانی، بەڵام ناتوانن لەژێر کاریگەرییەکانی هەڵویستی ئامریکا خۆیان بەدوور بگرن، بە تایبەت ئەمجارە، بۆیە خامنەیی دەڵێ: "مەسەلەی ئامریکا، مەسەلەیەکی جیددییە" یان دەڵێ:"مەسەلەکە زۆر حەساسە". وەک پێشبینیان کردووە، ئێران بە سەرشۆڕییەوە دەچێتە سەر مێزی دانیشتن و لە پێشووتر زیاتر ملکەچ دەبێ.

هەرچەند ئامریکا یەک دوو جارێک نەبێ ئەویش لە پەراوێزدا باسی رووخانی رێژیمی نەکردووە، بەڵام وەک دەردەکەوێ بۆ گۆڕانی رێژیم یارمەتیدەر دەبێ بە تایبەت کاتێک ترامپ بە گلەیی و پێناخۆشبوونەوە دەڵێ: "رێک پێش لەوەیکە دەتوانرا رووخانی تەواوی رێژیمی ئێران بێ، دەوڵەتی پێشوو(ئوباما) بە رێککەوتنی ناوکی و هەڵگرتنی گەمارۆکان ئێرانی رزگار کرد"، یان دەڵێ:" داهاتووی ئێران تایبەت بە خەڵکەکەیەتی" ئەمانە نیشان دەدەن کە ئەگەر گەمارۆکانی ئەمجارە ببنە هۆکاری رووخانی رێژیم ئەوا بەربەستی بۆ درووست ناکات. 

لە لایەکی دیکەوە گوشار و گەمارۆکان، مەیدانی یاری و باڵەکانی رێژیم زیاتر تەنگ دەکا و دەیانترنجێنێتە یەک و دەمامکەکانی سەر ڕوویان لادەبرێ. 

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.