کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری ئالبۆرگی دانمارک یادی ٢٨مین ساڵڤەگەڕی تێرۆری ڤییەن کرایەوە

17:50 - 25 پووشپەڕ 2717

کوردستان میدیا: سێمینارێکی زانستی بۆ هەڵسەنگاندنی دەور و شوێن و کاریگەرییەکانی شەهید دوکتوور قاسملوو لەسەر بزووتنەوەی میللی دێمۆکراتیکی گەلەکەمان لە ئاڵبۆرگی دانمارک بەڕێوە چوو.

بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٥ی ژووئیەی ٢٠١٧ کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سیمینارێکی بەبۆنەی ٢٨مین ساڵڤەگەڕی تیرۆری ڕێبەری زانای کورد دوکتور قاسملوو و عەبدوڵا قادری ئازەر نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات پێکهێنا کە ژمارەیەک لە کوردانی دانیشتووی ئەو دەڤەرە و ئەندامانی حیزب بەتایبەتی بەشداربوون .

سیمینارەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و دواتریش ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

ئەم سێمینارە لە چەند پانێلی جیاوازدا بەڕیوەچوو کە بریتین لە:
ڕۆڵی دوکتۆر قاسملوو لە خەباتی نەتەوەیی و پێناسە و شیوەی خەباتی نەتەوەیی لە نەزەر شەهید دوکتۆر قاسملووە کە لەلایەن مەکۆ سوڵتانپوورەوە قسەی لەسەر کرا و تێیدا ناوبراو چەند لایەنی جۆراوجۆری لە بڕگە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسیی دوکتور قاسملووی شیکردەوە.

لە پانێلێکی دیکەدا سولێمان کەلەشی لە پیوەندی لەگەڵ ڕۆڵی دوکتۆر قاسملوو لە نێو حیزب و بزووتنەوەی کورددا باسێکی پێشکەش کرد .

بەتایبەتی پێداگریی لە سەر بە ڕێکخستن کردن و دیاری کردنی ڕێبازی سیاسیی حیزب وەک هەوڵ و تێکۆشانی دوکتور قاسملوو لە حیزب دا پێناسە کرد.

پاشان ئەلبۆرز ڕۆئین تەن لە سەر ڕوانگەی دوکتور قاسملوو بە نیسبەت سۆسیالیزم و هێنانی سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک بۆ نێو بەرنامەی حیزب شیکردنەوەیەکی وردی پێشکەش کرد. بەتایبەتی پێداگریی لە لایەنی هزریی دوکتور قاسملوو وەک مەکتەبێک کاکڵی باسەکەی بوو.

بەشی کۆتایی سیمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ باسێک لە سەر شەهیدانی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە کاووس عەزیزی لەو پەیوەندییەدا باسێکی کورتی پێشکەش بە بەشداران کرد.

لە دوای کۆتایی هاتنی وتاری کۆڕگێڕان کۆمەڵێک باس وتێبێنی لە لایەن بەشدارانەوە هێنرانە بەرباس و وڵامیان درایەوە.

هەربەو بۆنەوە لەلایەن لێژنەی ناوچەی پارتی دێمۆکراتی کوردستان /ئابۆرگ و پەیوەندییەکانی یەکیەتیی نیشتیمانی /ئالبۆرگ برووسکە بۆ هەیئەتی بەڕێوەبەریی سیمینارەکە نێردرابوون کە سوپاسیان کرا.