کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری سەرپێڵ زەهاو کەمیی پزیشک هەیە

13:16 - 24 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی کەمیی پزیشکەوە لە شاری سەرپێڵ زەهاو، خەڵکی ئەم شارە ناچارن بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکانیان ڕوو لە شارەکانی دیکە بکەن.

دوای تێپەڕینی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر ڕوودانی بوومەلەرزە لە شاری سەرپێڵ زەهاو لە پارێزگای کرماشاندا، لەگەڵ ئەوەی کە هێشتا هیچ کام لە کێشەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە چارەسەر نەکراوە، خەڵکی ئەم شارە بەهۆی کەمیی پزیشک و کەرستەی پزیشکییەوە، تووشی کێشە و گرفت بوونە.

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەرپێڵ زەهاو لەمبارەوە وتوویەتی: "خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان لە نەخۆشخانەکان وڵامدەری خەڵک نییە و ئێمە ناچارین ڕوو لە نەخۆشخانەکانی ناوەندی پارێزگا بکەین".

نەخۆشخانەی شاری سەرپێڵ زەهاو لە خزمەتگوزارییەکانی وەک: ''MRI'' و ''وێنەی ڕەنگی'' بێبەرییە و بەم هۆیەوە نەخۆشەکانی ئەم شارە ناچارن ڕوو لە شاری کرماشان بکەن.

کەمیی پزیشک لە شارەکانی کوردستان خەڵکی تووشی کێشە کردووە و بەم هۆیەوە زۆربەی ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشیگەلێکی تایبەت بوونە، ناچارن بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەیان ڕوو لە شارە گەورەکانی وەکوو تاران و تەورێز بکەن.