کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری نەغەدە سێ قوتابیی کچ هاوکات هەوڵی خۆکوژیان داوە

21:34 - 17 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: شاکاری سیستمی پەروردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران، خۆکوژیی چەند کەسیی قوتابیانی لێ دەکەوێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، سێ قوتابیی کچی قۆناغی دواناوەندی لە شاری نەغەدە، پێکەوە هەوڵی خۆکوژیان داوە.

لە ئەنجامی هەوڵی خۆکوژیی ئەو سێ قوتابییە کچە، یەکێک لە قوتابییەکان کە شوناسی "س. پ" ڕاگەیەندراوە گیانی لە دەست دەدات.

هاوکات یەکێکی دیکە لەو قوتابییانە کە شوناسی "پ. ق" ڕاگەیەندراوە، بۆ نەخۆشخانەی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە و لە کۆمایە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، یەکێک لە کچەکان لە خۆکوژییەکە پەشیمان بووەتەوه.
ئەو سێ قوتابییە، پێکەوە هاوڕێ بوونە و پێکەوەش بڕیاریان داوە، کە خۆیان بکوژن، بۆ خۆکوژیش کەڵکیان لە حەبی "برنج" وەرگرتووە.

سیستمی پەروەردە و ڕاهێنانی ڕێژیمی ئێران، هەر لە بنەڕەتدا سیستمێکی داخراو و ناوەندگەرایە کە گەشەی مرۆیی لە هیچ بوارێکدا بەتایبەت لە باری مەعنەوییەوە، تێدا وەربەرچاو نەگیراوە.

وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران، یەکێک لەو ڕێکخراوانەیە، کە بوودجەیەکی زۆر کەمی بۆ تەرخان دەکرێت و شێوازە زانستییەکانیش بۆ پەروەردە لەبەرچاو ناگیرێت.

حەبی برنج یان فۆسفیدی ئالمنیۆم ژارێکی مەترسیدارە، کە بە مەبەستی پاراستنی دانەوێڵە، برنج، کا و گزرە لە ئافات بەکار دەبردرێت.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم، لە نێو قوتابیاندا لە ئاستی ئێران، ڕێژەی خۆکوژی، ئامارێکی بەرچاوی هەیە.