کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، زمانی کوردی پەراوێز خرا

12:37 - 7 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: لە بنێرەکانی چواردەهەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، تەنیا لە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی کەڵک وەرگیرابوو و زمانی کوردی پەراوێز خرابوو.

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی شانۆی سەرشەقامی مەریوان، ڕێژیم ئیجازەی بە بەڕێوەبەرانی ئەم فێستیڤاڵە نەداوە کە لە بنێرەکاندا، لە زمانی کوردی کەڵک وەربگیرێت.

وێڕای ئەوەی کە مەریوان شارێکی کوردنشینە و بە پێتەختی شانۆی سەرشەقامی ئێران ناسێندراوە و ساڵانە لەم شارەدا ئەم فێستیڤاڵە بەڕێوە دەچێت، بەڵام لە بنێرەکانی نێو شاردا، گرینگی بە زمانی کوردی نەدراوە.

ئەمانە لە حاڵێکدایە کە زمانی کوردی بەردەوام لە لایەن ڕێژیمەوە هێرشی دەکرێتە سەر و ڕێژیم لە هەوڵدایە بە هەموو شێوازێک زمانی فارسی زەق بکاتەوە و زمانی نەتەوەکانی دیکە لەنێو خۆیدا بتوێنێتەوە.

هەروەها ١١ وڵاتی جیهان لەم فێستیڤاڵەدا بەشدار بوون و بەم کارە ڕێژیم ویستوویەتی ئێران بە وڵاتێکی یەک نەتەوە بناسێنێت و زمانی فارسی بە باڵادەستی و زمانی هەموو ئێران لە قەڵەم بدات.

فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان کە لە ڕۆژی ١ی خەرمانانەوە دەستی پێکردبوو، ڕۆژی سێشەممە، ٥ی خەرمانان بە دەستنیشانکردنی سەرکەوتووانی فێستیڤاڵەکە لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا کۆتایی پێهات.