کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە لایەن بەرپرسانی ئامریکایی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران بەم زووانە چاوەڕوان دەکرێت

11:51 - 20 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی پلەبەرزی دەوڵەتی دانڵد ترامپ، لەسەر ئەوە باوەڕەن، کە ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر گەمارۆوەکان خۆ ناگرێت و دەڕووخێت.

کاناڵی ئن.بی.سی نیووزی ئامریکا، لە زاری چەند بەرپرسێکی پێشووی ئامریکا و چەند دیپلۆماتکارێکی غەیرە ئامریکایی باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا دەوام ناهێنێت و بەم زووانە دەڕووخێت.

کاناڵی ئن.بی.سی هەروەها ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەر نووسیویەتی: خودی دانڵد ترامپیش پێی وایە، کە ڕێژیمی ئێران توانایی خۆڕاگریی لە هەمبەر گەمارۆوە ئابورییەکانی نییە و بەچۆک دادێت.

هەر لەم پێوەندییەدا لە مانگی ئووت، ترامپ لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵی بلۆمبۆرگ وتوویەتی: "کاتێ کە من هاتمە کۆشکی سپی، تەوەری باسەکان ئەوە بوو، کە کەی ڕێژیمی ئێران تەواوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست داگیر دەکات، بەڵام ئێستە لە دۆخی بەربەرەکانێ بۆ مانەوەی خۆیەتی، لەم ماوەی یەکساڵ و نیوەدا دۆخەکە زۆر ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە".

نۆ کەس لە دیپلۆماتەکانیش وتوویانە، کە مایک پۆمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا و جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەییی ئامریکا لە دانیشتن لەگەڵ هێندێ بەرپرسانی دەرەکیی ئامریکا، باسیان لە لاوازبوونی ڕێژیم لە بەرانبەر کێشە ئابوورییەکان و کۆمەڵگای ناهومێد ی ئێران کردووە و وتوویانە: گەمارۆوەکانی سەر کەرتی نەوت، کە چەند ڕۆژ پێش دەستیان پێ کردووە، زەبری کۆتایی لە جەستەی ڕێژیمی ئێران دەدات.

جان بۆڵتۆن، یەکێک لەو بەرپرسانەی ئامریکایە، کە هەڵوێستێکی توندی لە هەمبەر ڕێژیمی ئێران هەبووە و هەشت مانگ پێش گەیشتن بە پلەی ڕاوێژکاریی ئەمنییەتی نەتەوەییی ئامریکا، لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردبوو، کە دەبێت سیاسەتی ئامریکا لەسەر ڕووخانی ڕێژیم دابڕێژێت.

ئەگەرچی هەتا ئێستە بەرپرسانی ئامریکا بە ڕاشکاوی باسی ڕووخانی ڕێژیمیان نەکردووە و خوازیاری گۆڕینی هەڵسوکەوتی ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتی ئێرانن، بەڵام ئەگەر ڕێژیم بەپێی ئەو خاڵانەی کە پێشتر ئامریکا لە دووتۆی ١٢ خاڵ بۆی دیاری کردووە، هەڵسوکەوت و سیاسەتەکانی نەگۆڕێت و خۆی لەگەڵیان نەگونجێنێت، لە کۆتاییدا گەمارۆوە ئابوورییەکان دەبنە هۆی ڕووخانی ڕێژیم.