کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مازەندەران شەڕ و پێکدادان ڕووی دا

12:13 - 20 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: لە ئەنجامی شەڕ و دەرگیری لە نێوان هێزی ئەرتشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وخەڵکدا، چەند هاووڵاتی کوژران و بریندار بوون.

ڕۆژی ڕابردوو لە پادگانی هێزی هەوایی ئەرتشی ڕێژیمی ئێران لە مەحموودئابادی مازەندران، بەهۆی شەڕ و پێکدادانی خەڵک و هێزەکانی ئەرتشی ڕێژیم، دوو کەس کوژران و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە ئەو شەڕ و دەرگیرییە بههۆی کێشەی مڵک بووە و هۆکاری سیاسیی نەبووە.

ماڵپەڕی "تابناکـ"ـی سەر بە ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە: "هێرشبەران خەڵکی ئاسایی بوونە و هێزەکانی ئەرتشیش بە هاوئاهەنگیی پێشوو تەقەیان لە خەڵک کردووە".

ئەو پادگانەی هێرشی کراوەتە سەر، شوێنی ڕاهێنانی فڕۆکەوانانی دەریایی بووە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای مازەندەران، لێدوانی جیاواز دەدەن و هۆکارەکانی دەرگیری بۆ سەر ئەو پادگانە ڕوون نییە.

ئەوەیکە حاشاهەڵنەگرە، هێرش و دەستنەپاراستنی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خەڵکی ئاساییە کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ یاسا و ڕێسایەک، ڕاستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر خەڵک.