کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مانگی ئووتدا، ٣٨ زیندانی لە ئیران لە سێدارە دراون

12:52 - 16 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردووەتەوە کە لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، ٣٨ حاڵەتی لەسێدارەدانی زیندانییان لە لایەن ناوەندی ئاماری ئەم ڕێکخراوەوە تۆمار کراوە.

بەپێی بڵاوکراوەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی مانگی ئووتی ئەمساڵدا، ٣٨ حاڵەتی لەسێدارەدان لە لایەن ناوەندی ئاماری ئەو ڕێکخراوەوە تۆمار کراوە کە لە نێوانیاندا ٢ کەسیان لە پێش چاوی خەڵک و بە ئاشکرا و ٣٦ کەسی دیکەیان لە زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا حوکمی لەسێدارەدانیان بەڕێوە چووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ناوەندە فەرمییەکان و ڕاگەیاندنە نێوخۆییەکانی ڕێژیمی ئێران، تەنیا لەسێدارەدانی ١٣ کەسیان پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ٢٥ کەسەکەی دیکە کە لەسێدارە دراون، لە لایەن گرووپەکانی مافی مرۆڤەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

لە نێوان لە سێدارەدراوانی مانگی ڕابردوودا، ٦ بەندکراو بە تۆمەتی "ماددە هۆشبەرەکان"، ٣٠ بەندکراو بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" و دوو بەندکراویش بە تۆمەتی "دژایەتی لەگەڵ خودا"، بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە مانگی ئووتی ساڵی ڕابردووی زایینیدا، لەسێدارەدانی ٢٠ بەندکراوی تۆمار کردبوو.

بە وتەی ئەو ناوەندە لە حەوت مانگی ڕابردوودا لانیکەم، ١٨٥ کەس لە زیندانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراون.

ئەم ڕێژەیە بەپێی ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە ١٢ لەسەد هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە.