کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی سێ ڕۆژدا ١٣ کەس لە کوردستاندا دەسبەسەر کراون

18:15 - 24 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: دەزگا و ناوندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی سێ ڕۆژدا، ١٣ هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا"، لە ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕ، هەتا ڕێکەوتی ٢٤ی ئەم مانگە، ١٣ کەس دەسبەسەر کراون.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە کە لاوێکی کورد بە ناوی ''بێهنام ئەلیاسی"، ٢٤ ساڵە، کوڕی فەتاح و خەڵکی مەهاباد، پاش لێدان و بێڕێزی پێکردن، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەم لاوە کوردە، شەوی هەینی، ١٤ی پووشپەڕ، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ناوبراو بۆ زانیاری لە چارەنووسی، بێئەنجام ماوەتەوە.

ڕۆژی شەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد سابیر مووسەوی"، کوڕی سەمەد، خەڵکی گوندی "سەرگیز"ی شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە، دەسبەسەر کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش هێرشکردنە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ناوبراویان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مەحموود سەبووری"، دانیشتووی شاری "سایین قەڵا"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزەکانی ئیتلاعات لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە توندترین شێوە دەستیان داوەتە لێدانی.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی پووشپەڕ، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "گۆران قوربانی"، "فاتێح هوشمەند"، "عەلی ڕەزایی" و "ئومید ساڵحی"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کران.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کران.

ئەو چوار هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکردن، بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزراون.

ڕۆژی شەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "هێمن محەممەدیان" و "پووریا ناسری"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی" لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ، سیهەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور قاسملوو، ڕێبەری کاریزمای نەتەوەیی کورد، دەسبەسەر کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی پووشپەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە گوندی "قۆزڵوو"ی شاری سایین ‌قەڵا، هێرشیان بردە سەر ئەو گوندە و سێ هاووڵاتییان بە ناوەکانی "خالید ڕەحیمی، عەلی ئیبراهیمی و مەحموود قسمەتی"، دەسبەسەر کردووە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

هەروەها ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕ لە گوندی قۆزلووی سەر بە شاری سایین قەڵا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەلی شیری"، کوڕی "یەحیا"، لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەرسەر کراوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەرکوت و تۆقاندن لە کوردستان، بە توندترین شێوە و بێ ڕەچاوکردنی هیچ جۆرە یاسا و ڕێسایەک، هاووڵاتییان دەسبەسەر دەکات.