کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نۆروێژ گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ناتۆ پاش شەڕی یەکەمی جیهانی دەست پێدەکات

16:40 - 3 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: هێزەکانی وڵاتانی ئەندامی پەیمانی ئەتلانتیکی باکوور (ناتۆ) لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە لە نۆروێژ پاش حەفتا ساڵ گەورەترین ئۆپەراسیۆنی خۆیان دەست پێ دەکەن.

ئاژانسی "فرانس‌پرێس" لەمبارەوە بڵاوی کردەوە، وڵاتی نۆروێژ لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە میوانداریی گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ناتۆ دەکات کە لە کاتی کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانییەوە تا ئێستا ئۆپەراسیۆنی گەورەی لەم شێوەیە بەڕێوە نەچووە کە بەڕای شرۆڤەکارانی سیاسی و سەربازی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەربڕی هاودەنگی و هاوپەیمانێتیی وڵاتانی ئەندامی ناتۆیە لە بەرانبەر ڕووسیادا.

نزیکەی ٥٠ هەزار سەرباز، ١٠ هەزار ئۆتۆمبێل، ٦٥ کەشتیی جەنگی، ٢٥٠ فڕۆکە لە ٣١ وڵاتی جیاجیاوە لە ئۆپراسیۆنێکی وشکایی و دەریایی بەناوی (تریدنت جانکر 18) بەشداری دەکەن کە ئامانج لەو ئۆپراسیۆنە ئامادەیی و خۆتەیارکردنی ناتۆیە بۆ پێشگیری لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی ئەندام، چونکە بەڕای "ئێنس ستۆلتنبێرگ" سکرتێری ناتۆ، لە ساڵانی دواییدا ژینگەی ئاسایش و ئەمنیەتی ئەورووپا زۆر تێک دراوە.

بەپێی زانیارییەکان، هەرچەند لەو ئۆپەراسیۆنەدا ناوێک لە دوژمنی خەیاڵی (فرضی) نابرێت، بەڵام بێگومان لە زەینی هەمواندا ڕووسیا لە زەینی هەموو ئەندامانی ناتۆدایە، وڵاتێک کە لەگەڵ نۆروێژ لە باکورەوە ١٩٨کیلۆمەتر خاکی هاوبەشی هەیە.

لە کاردانەوە بە دەسپێکی ئەم ئۆپەراسیۆنەی ناتۆ، باڵیۆزخانەی "ئۆسڵۆ" ئۆپەراسیۆنەکەی بە "دژی ڕووسیا" لەقەڵەم داوە و ڕایگەیاندووە وەها ئۆپەراسیۆنێک جیا لەوەی هەوڵێکی بەرگریکارانە بێت، ناوەرۆکێکی تێکدەرانەی هەیە.

ئەمە لە حاڵێکدایە چەند مانگ لەمەوبەر مسکۆ بەهۆی زیادبوونی هێزی سەربازیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، نیگەرانیی خۆی دەربڕیبوو.
بریتانیا و ئامریکاش هێزەکانیان ڕەوانەی نۆروێژ دەکەن، تاکوو خۆیان لە ناو ئاوە ساردەکان ڕابهێنن.
میدیاکانی ئێرانیش بە پشتگیری لە ڕووسیا وەک هاوپەیمانێک، ئەم ئۆپراسیۆنەیان دژی ڕووسیا و پێگەی سەربازیی ئەو وڵاتە لەقەڵەم داوە.