کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نیشتمانی گوڵاڵە سوورەکان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمان نوێ دەکرێتەوە

17:03 - 4 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بنەماڵەی شەهید ناسر خۆشکەلام لەگەڵ کۆمەڵێک لە نیشتمانپەروەران سەردانی گڵکۆی شەهید ناسریان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ساڵڕۆژی شەهیدکرانی شەهید ناسر خۆشکەلام، شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بنەماڵەی ئەو شەهیدە لەگەڵ کۆمەڵێک لە نیشتمانپەروەران بە مەبەستی پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان سەردانی گڵکۆی ناوبراویان کرد.

شەهید ناسر ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٣٦ لە شاری بانە لە دایک بووە. لە سەردەمی شادا وەک سپای دانش لە گوندی قاڵوێ سەر بە مەهاباد کاری کردووە. هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران چالاکی بۆ حیزبی دێموکرات کردووە و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانیشی وەفادار بە ڕێبازەکەی مایەوە.

ناوبراو کەسێک بوو کە لە بواری نووسین و وەرگێڕاندا کاری دەکرد و هێندێک نووسین و دەستنووسی وەرگێڕدراویشی هەیە.

شەهید ناسر ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٦١، کاتێک سەرقاڵی ڕێوڕەسمی مارەبڕین بوو، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە گیرا، ئەگەرچی کاک ناسر پێشتریش چەند جار گیرابوو، بەڵام ئەم جارەیان ٩ مانگ لە زیندان مایەوە و لە ڕۆژێکی بەهار ئەو کاتەی کە ژیان چیرۆکی ژیانەوە بە گۆێ زەویدا دە‌چرپێنێ، ئەو کاتە کە سەمای تیشکی خۆر باسی لەدایکبوون و ئامێزی دەریای نوور دەکات، لە ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕ ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، لە زیندانی بانە لە لایەن جەللادەکانی ڕێژیمەوە گولـلەباران کرا.