کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نەخۆشخانەکانی ئێراندا بارمتەگیری دەکرێت

13:23 - 28 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: پەرستارانی نەخۆشخانەی سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستاندا، بە دانی پارە منداڵی ئەو کەسانە دەکڕن کە ناتوانن تێچووی نەخۆشخانەکان و بەشی منداڵبوون بدەن.

لە بەشی منداڵبوونی نەخۆشخانەی "سەروان" لە پارێزگای سیستان و بەلووچستاندا، پەرستارانی نەخۆشخانەکە بە وەرگرتنی ڕەزامەندیی بنەماڵەکان، داوا لە بنەماڵەی منداڵان دەکەن کە لە بەرانبەر ئەو بڕە پارەیەدا منداڵەکانی خۆیان بەوان بدەن.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، باس لەوە کراوە کە بنەماڵەیەک بۆ خەواندنی ١١ ڕۆژەی منداڵەکەی لەو نەخۆشخانەیەدا، پێی وتراوە کە دەبێ ١٦ ملیۆن تمەن پارە بە نەخۆشخانەکە بدات، هەر بۆیە پەرستارەکانی ئەم نەخۆشخانەیەش پێیان ڕاگەیەنداووە کە بە واژۆکردنی فۆرمی ڕەزامەندی دەتوانن لە جیاتی بڕە پارەکە، منداڵەکەی لێ بکڕن.

هەروەها لەم ڤیدیۆیەدا باس لەوە کراوە کە منداڵی بنەماڵەیەکی کۆچبەر بەهۆی نەبوونی پارەیەک بە بڕی ٨ ملیۆن تمەن بۆ بردنەوەی منداڵەکەیان لەو نەخۆشخانەیە، ماوەی سێ ڕۆژە منداڵەکەیان لە گرەوی پارەکەدا ڕاگرتووە.

ماوەیەکە لە نەخۆشخانەکانی ڕێژیمی ئێراندا، لە وڵامی کەسانێکدا کە پارەی پێویستیان بۆ تێچووی نەخۆشخانەکان نییە، بارمتەگیری دەکرێت و بە خەڵک ڕادەگەیەنن کە تا کاتی نەدانی پارەکە، دەبێ نەخۆشەکەیان لەوێ بمێنێتەوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە کەرتی دەرمانی دەبێ بەخۆڕایی بێت یان لانیکەم بۆ بنەماڵە کەمداهات و هەژارەکان، نرخی تێچووی نەخۆشخانەکان و تەنانەت دەرمانەکانیش جیاواز بێت.