کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشێکی نوێدا بۆ سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی، دوو کەس کوژران

12:37 - 4 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: لە هێرشێکی نوێدا بۆ سەر میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لە عێراقدا، دو کەس کوژران.

ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی گەلاوێژ، "حەشدی شەعبی" بە دەرکردنی بەیانییەیەک ڕایگەیاند کە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی "ئەلقایم"، نزیکی سنووری نێوان سووریە و عێراق، دوو کەس گیانیان لەدەست دا.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، لە زاری سەرچاوەیەکەوە باسی لەوە کردووە کە بنکەیەکی حەشدی شەعبی و چەندین ماشینی ئەم گرووپە کە لە حاڵی بەجێهێشتنی ئەم شوێنە بووە، کراونەتە ئامانج.

لە ماوەی ڕابردوودا، بە شێوەی بەربڵاو بنکەکانی حەشدی شەعبی لە خاکی عێراقدا کراونەتە ئامانج.

هەر لەم پەیوەندییەدا، شەوی شەممە، فڕۆکەکانی ئەرتشی ئیسرائیل، بنکەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و میلیشیا چەکدارە شیعەکانی لە سووریەدا کردە ئامانج و بەم هۆیەوە چەندین کەس لە هێزەکانی سەر بە ڕێژیم کوژران.

"بێنیامین نێتانیاهوو"، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر میلیشیا چەکدارەکان لە وڵاتی عێراق کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن، وتبووی: ''ڕێژیمی ئێران لە هیچ شوێنێک، ئەمنیەتیان نابێت".

هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیمی ئێران، مووشەک و کەرستەی سەربازی بۆ پایەگاکانی حەشدی شەعبی گواستووتەوە تا لەوێوە دژی ئیسرائیل بەکاریان بێنێت.