کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانێک دژی ھێرشەكانی توركیە بەڕێوە چوو

17:57 - 18 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لە ھەرێمی کوردستان دژی ھێرشەكانی توركیە بۆ سەر كوردستانی ڕۆژئاوا، خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا كە فشار بخاتە سەر توركیە، بۆ ئەوەی ھێرشەكانی بوەستێنێت.

دوای هەڕشە و ئامادەکارییەکی زۆر، ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی ڕەزبەر، دەوڵەتی تورکیە بە چەندین فڕۆکەی جەنگی و هەروەها لە ڕێگای  تۆپخانەوە هێرشەکانی خۆی بۆ سەر خاکی کوردستانی ڕۆژئاوا دەست پێکرد.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی ڕەزبەر لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێک بۆ پشتگیری لە کوردستانی ڕۆژئاوا و دژایەتی لەگەڵ هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژائاوا ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لە شاری ھەولێر لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان خۆپیشاندانێک دژی هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا لە لایەن خەڵکەوە بەڕێوە چوو، خۆپیشاندەران داوا دەکەن کە ھێرشەكانی توركیە بۆ سەر شارەكانی كوردستان ڕۆژئاوا ڕابگیرێت.

هەروەها لە شاری سلێمانی ژمارەیەک لە خەڵکی کوردستانی ڕۆژئاوا و خەڵكی سلێمانی دژی ھێرشەكانی توركیە گردبوونەوەیەکیان لە شەقامی سەھۆڵەكە (سالم) پێکهینا و داوای ڕاگرتنی ھێرشەكانی توركیە دەكەن.