کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٢٣هەمین ڕۆژی خوێندندا، دۆخی قوتابییانی کوردستان نالەبارە

11:09 - 23 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٣ ڕۆژ بەسەر دەسپێکی خوێندندا و وێڕای خوێندنی زۆربەی قوتابییان لە کانێکسدا، هێشتا هەندێک لە قوتابخانەکانی کوردستان مامۆستایان نییە و هاوکات ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابییانیش تاکوو ئێستا کتێبیان وەرنەگرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قوتابییان لە کوردستان لە دۆخێکی نالەباردا درێژە بە خوێندن دەدەن و لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی جیددی بەرەوڕوون.

قوتابییەکی پۆلی یەکەمی دواناوەندی لە ڕشتەی "تەجروبیـ"دا، باسی لەوە کردووە کە پاش تێپەڕبوونی ٢٣ ڕۆژ، هێشتا مامۆستای دەرسی "شیمیـ"ـیان نییە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە "کیمیا" (شیمی) یەکێک لە گرینگترین دەرسەکان بۆ کونکوور دێتە ئەژمار.

قوتابییەکی پۆلی یەکی ڕشتەی "ئینسانی" لە قوتابخانەی "ئایندەسازانـ"ـی ئەم شارەش ڕایگەیاندووە کە  ٨ کەس لەو پۆلەدا کتێبیان نییە و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان پێی ڕاگەیاندوون کە لە ئەنبارەکاندا کتێب نەماوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، یەکێک لە قوتابییانی قوتابخانەی دواناوەندیی "ئیبنە سینا" لە شاری سنە باسی لەوە کردووە کە ئەوان لە پۆلی سێهەمی دواناوەندیدا دەخوێنن و تاکوو ئێستا سێ دەرسیان بە بێ مامۆستا ماوەتەوە.

یەکێکی دیکە لە قوتابییانی ئەم شارە ڕایگەیاندووە: "وێڕای ئەوەی کە دوو مامۆستامان نییە، مامۆستای بیرکاریمان، دەرسی مودیرییەتی بنەماڵەش دەڵێتەوە کە هیچ پێوەندییەکی بە پسپۆڕیی ئەوەوە نییە".

دایکی قوتابییەکی پۆلی سێی سەرەتایی قوتابخانەی "١٥ی خورداد"ی گرێزە لە سنە، ڕایگەیاندووە کە کچەکەی لەگەڵ ٣٢ قوتابیی دیکە لە پۆلێکدا دەرس دەخوێنن، لە حاڵێکدا کە دەفرایەتی پۆلەکە تەنیا بۆ ١٨ کەسە.

وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندووە کە ئەمساڵ ١٢٥٠ کەس مامۆستای حەقوتەدریسی وەرگرتووە بەڵام مامۆستاکان دەڵێن تاکوو ئێستا یەک کاتژمێریش وانەمان نەوتووەتەوە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، وەزارەتی پەروەردە هیچ چەشنە دامەزراندنێکی نەبووە، هەر بۆیە زۆربەی مامۆستاکان خانەنشین بوونە و بەهۆی نەبوونی هێزی تازەش، قوتابخانەکان بێ مامۆستا ماونەتەوە.