کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی نۆروێژ دژ بە ''زەریف''، خۆپیشاندانێکی بەرین بەڕێوەچوو

12:57 - 2 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بۆ دژایەتی لەگەڵ سەردانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ وڵاتانی باکووری ئورووپا، خۆپێشاندانێکی بەرین لە وڵاتی نۆروێژدا بەڕێوەچوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣١ی گەلاوێژ، بۆ دژایەتی لەگەڵ سەردانی ''محەممەد جەواد زەریف''، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ وڵاتانی باکووری ئورووپا و یەک لەوان وڵاتی نۆروێژ، خۆپیشاندانێکی بەربڵاو لە بەردەم هۆڵی کۆبوونەوەکانی دەوڵەت لە "پارکی ڤایین ٤٥"، لە ئوسلۆی پێتەختی ئەو وڵاتە، بەڕێوەچوو.

ئەو خۆپیشاندانە کە لە لایەن کۆمیتەیەکی بەڕێوەبەری، پێکهاتوو لە نوێنەری پێنج حیزب و لایەنی کوردستانی و ئێرانی ڕێکخرابوو، بەم شێوەیەی خوارەوە بەڕێوەچوو:

پێشکەشکردنی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" بە گوڕ و تینێکی بەهێزەوە، بە هونەرمەندیی ''شێرکۆ مەریوانی'' و هاوڕێیەتیی کوردستانییانی ئامادەبووی خۆپیشاندانەکە.

پێشکەشکردنی وتارێک لەسەر بارودۆخی گشتیی ئابووری و سیاسی، لە لایەن ''عەلی فیکری''، چالاکی سیاسییەوە.

پێشکەشکردنی پەیامێک بە زمانی ئینگلیزی لەسەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ''مەنسوور عەزیزی''، بە نوێنەرایەتیی سێ لایەنی کوردستانیی ئەندام لە کۆمیتەی خۆپیشاندانەوە.

پێشکەشکردنی بەیاننامەی خۆپیشاندان لە لایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامە، هاوڕێیان ''کەریم ئەڵڵاوەیسی'' و ''ژیلا گووڵعەنبەر''ەوە.

لەم خۆپیشانداندا، چەند کەسایەتیی نۆروێژی و ئێرانیی دیکە پەیامەکانی خۆیانیان پێشکەش کرد.

بەشداربووانی خۆپێشاندانەکە، بۆ ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێر، بە هەموو هێزیانەوە، هاودەنگ لەگەڵ بەڕێوەبەرانی خۆپیشاندانەکە، بە دانی درووشم بە زمانەکانی نۆروێژی، کوردی و فارسی و پێشکەشکردنی سروودی شۆڕشگێڕیی فارسی و کوردی و بە نیشاندانی ناڕەزایەتیی خۆیان، ئەو پەیامەیان گەیاند کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و وەزیری دەرەوەی ئەو ڕێژیمە، ناتوانن هەروا خەڵکی ئێران و کوردستان سەرکوت بکەن و ئورووپاش بکەنە ناوەندی تەڕاتێنی خۆیان.

لەم خۆپیشاندانەدا، چەند کاناڵی تەلەویزیۆنی و ڕادیۆیی نوروێژی، وەک "ئێن.ئار.کۆ"  و "تێڤێ تو" و
ڕادیۆی ''ڕێگەی هەوریشەم" و چەند کاناڵی دیکەی کوردی و ئێرانی ئامادە بوون.

 ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، لە ئاستێکی بەربڵاودا بەرەوپیریی بانگهێشتی کۆمیتەی خۆپیشاندانەوە چوون و هاوکات لەگەڵ رێکخستنەکانی لایەنە کوردستانی و ئیرانییەکانی دیکە، توانییان دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بگەیەننە دەسەڵاتدارانی وڵاتی نۆروێژ.

ئەو لایەنانەی کە لە پێکهێنانی ئەم خۆپیشاندانەدا بەشداربوون، بریتی بوون لە:

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستان

ڕێکخراوی "هاوپەیوەندی" بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران

حیزبی چەپی ئێران (فیدائیانی خەڵق)