کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ باس لە حزووری هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵاتدا کرا

15:52 - 23 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، بە سەرپەرەستیی عەزیم ئەلیاسی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژیان کرد.

ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێک لە بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات، بە سەرپەرەستیی عەزیم ئەلیاسی لە سەردانێکدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ لەگەڵ شەل گوینار ئێریکسن کۆبوونەوەیەکیان پێک هێنا.

لەم دیدارەدا هێندێک پرسی تایبەت بە خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران، لە دژی ڕێژیمی ئاخوندی تاوتوێ کران.

شاندی حیزبی دیمۆکرات، باسی ئەوەیان کرد، کە خەڵکی ئێران ڕێژیمی ئاخوندییان ناوێت و ئەمەش وای کردووە کە لە هەر دەرفەتێک کە بۆیان بێتە پێش، بێزاریی خۆیان لە کۆماری ئیسلامی دەردەبڕن، هەروەها ئاماژە بەوە کرا، کە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانە لەگەڵ ئەوەی ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی جیاواز بووە. یەکەم ئەوە کە ئەوەی ساڵی ٢٠٠٩ زیاتر باڵێکی نێو ڕێژیم رێبەریی دەکرد و دروشمەکانیشی زیاتر لە چوارچێوەی مانەوەی ئەو نیزامەدا بوون. دووهەم ئەوەی کە ئەو کات زیاتر لە تاران ئەو خۆپێشاندانە بەڕێوە دەچوو و شارەکانی دیکەی ئێران ئارام بوون. بەڵام خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی خەڵک بۆ خۆیان ڕێکیان خستوون و دروشمەکانیشیان لە دژی تەواویەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە. پانتایی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییان زۆر شار و ناوچەی ئێرانی گرتۆتەوە، کە خەڵک لە ٨٠ شاردا بە دژی کۆماری ئیسلامی خۆپێشاندانیان کردووە.

شاندی حیزبی دیمۆکرات، باسی ئەوەشیان کرد، کە خۆپێشاندانەکان تا ئەو کاتەی هێزەکانی ڕێژیم توندوتیژییان بە کار نەهێناوە، بە ئارامی بەڕێوە چوون، بەڵام دواتر ئاڵۆزی دروست بووە و چەندین کەس لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە کوژران و بە هەزارانیش دەسبەسەر کراون. لەوانەشە زۆر کەس لە دەسبەسەرکراوان تووشی ئەشکەنجە و ئازاردان ببنەوە، بۆیە ئێستە گەلانی ئێران هەم لە نێوخۆ و هەم لە دەرەوە چاوەنواڕی گوشاری نێودەوڵەتی لە سەر کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامین و داوا کراوە وڵاتی نۆروێژ لەم بارەوە کاردانەوەی زیاتری هەبێ.

باس لە هەبوونی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێوخۆ کرا و لەو پێوەندییەدا باسی هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر گوندی زێوەی ناوچەی پیرانی پیرانشار کرا، کە پێشمەرگە ناچار بوون بەرپەرچی هێرشکەران بدەنەوە.

لە کۆتاییدا باسی ئەوە کرا، کە لەوانەیە بۆ ماوەیەک خۆپێشاندەران لە لایەن ڕێژیمەوە تا ڕادەیەک بە زەبری هێز سەرکوت بکرێن، بەڵام وێ ناچێ خەڵک واز لە داواکارییەکانیان بێنن. ئێستا وادیارە خەڵکی بۆیان دەرکەوتووە کە باڵێ بە ناو ڕێفورخوازیی ڕێژیم، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ باڵی بناژۆخوازدا نییە و دروشمەکانی خۆپیشاندەران بە دژی حەسەن ڕۆحانی سەلمێنەری ئەم راستییەن.