کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پارلمانی ئورووپا لەسەر پرسی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕۆژهەڵات جەخت کرایەوە

10:53 - 27 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکیەتیی ئورووپا، دێداریکی لەسەر پرسی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەگەڵ ئەندامێکی پارلمانی ئورووپا پێک هێنا.

لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەر، "حیسام دەستپیش"، نوێنەری حیزبی دێموکرات، دیدارێکی لەگەڵ ئەندام پارلمانی ئورووپا "کرتن دارلینگ جوود"، پێک هێنا.

ئەم دیدارە بە مەبەستی ڕاوەستەکردن لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پێکهاتبوو.

لەم سۆنگەیەوە نوێنەری حیزبی دێموکرات، پێشێلکارییە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی بە زانیاری و بەڵگەوە خستە بەر باس.

دەستپیش لەو دیدارەدا داوای کرد لەو خولەی پارلماندا لەسەر هەلومەرجی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بواری مافی مرۆڤدا جەخت بکرێتەوە.

"کرتن دارلینگ جوود"، ئەندامی وەڤدی پارلمانی ئورووپایە کە لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا لە پێوەندی دایە.

بۆ ئەم مەبەستە بابەتگەلێک وەک زیندانییانی سیاسی، لەسێدارەدان، کۆڵبەران و مێلیتازیزەکردنی ڕۆژهەڵات خرایە بەر باس.

 لە هەمان کاتدا لەسەر دۆسیەی "زارا محەممەدی"، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی و " محەممەد نەزەری" زیندانیی سیاسی، جەخت کرایەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، "کرتن دارلینگ جوود"، بەڵێنیی ئەوەی دا کە لە بەرنامەکانی داهاتووی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤدا، ئەم بابەتانە لە بەرچاو بگیردرێت.