کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پێرلاشێز ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوەچوو

17:42 - 28 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ٢٧ـەمین ساڵوەگەڕی شەهید دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، لە گۆڕستانی پێرلاشێزی پاریس بەڕێوەچوو.

بە مەبەستی پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ مامۆستا و ڕێبەری لێهاتووی حیزب و گەلەکەمان دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، بۆ درێژەپێدان بە ڕێگایان و هەروەها شەرمەزارکردنی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران و جینایەتی بێرلین، ٢٧ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی بێرلین لە گۆڕستانی پێرلاشێزی پاریس بەڕێوەچوو.

ڕۆژی ١٧ی سێپتامبری ٢٠١٩ زایینی، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە بلژیک، فەرانسە و نوێنەری چەند حیزبی سیاسیی کوردستانی و ئێرانی، ڕێز لە مامۆستا و ڕێبەری لێهاتووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی شەهیدی، گیرا.

ڕێوڕەسمەکە کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ، بە دانانی تاجە گوڵی ڕێزلێنان لەسەر گڵکۆی پاکی شەهیدی ڕێبەر دوکتور "شەرەفکەندی"، کاک "فەتاح عەبدوولی" و کاک "هومایوون ئەردەڵان" دەستی پێکرد.

دواتر "شاهۆ حوسێنی" بەم بۆنەوە لەسەر کەسایەتی و ڕۆڵی دوکتور "سەعید" لە ڕێبەریکردنی حیزب قسەی کرد و ئاماژەی بەو هۆکارانە دا کە ڕێژیمی ئیسلامی وەکوو پیشەی هەمیشەیی، دەستی بە تێرۆرکردنی دوکتوری ڕێبەر کرد.

هەر لەم بۆنەیەدا "ئازاد کوردی"، بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بێلژیک قسەی کرد.

لە درێژەی بەرنامەی ٢٧ـەمین ساڵیادی تێرۆرکرانی شەهیدانی بێرلین، بەشداران بە تێکڕا سەردانی گڵکۆی شەهیدی ڕێبەر و ناوداری کورد و حیزبەکەمان دوکتور "قاسملوو"ی شەهید و کاک "عەبدوڵڵا قادری ئازەر"یان کرد و تاجەگوڵی ڕێزلێنانیان لەسەر گڵکۆیان دانا.

لەو ڕێوڕەسمەدا بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە بێلژیک لەم بۆنەیەدا، بە مەبەستی پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدانی ڕێبەر و مەحکوومکردنی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیم ئێران، بەشدار بوون.