کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پێکهاتەی ڕێژیمی ئێران خوێندن بە زمانی زگماکی بڤەیە

18:15 - 26 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران، کە بووژانەوەی پێوەرە نەتەوەیییەکان بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت، بەردەوام لەگەڵ پرسی زمانی دایکی کە یەکێک لە پێوەرە نەتەوەیییەکانە، دژایەتی دەکات.

بەپێی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ئێران، وەزیری پەروەردەی ڕێژیم، "سەید محەممەد بەتحایی"، کە بۆ پارێزگای ئیسفەهان سەفەری کردبوو، لە دانیشتن لەگەڵ جێگرانی فێرکاریی قۆناغی سەرەتایی و بەرپرسانی ڕاهێنان و بارهێنانی هۆزەکانی سەرتاسەری ئێران، باسی لەوە کردووە: جێگرانی فێرکاریی قۆناغی سەرەتایی دەورێکی سەرەکی دەگێڕن و ئاست و چۆنایەتیی قوتابخانەکان بە ئاستی زانیاریی جێگرانی فێرکارییی ئێران گرێ دراوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە وانەوتنەوە بە زمانی دایکی مەترسییەکە بۆ سەر پێکهاتەی فێرکاریی وڵات، بۆیە پێویست ناکات مامۆستاکان لە کاتی وانەوتنەوە زمانی زگماکی بەکار بێنن، چونکە منداڵ لە ماڵەوە فێری زمانی دایکیی دەبێت، ئەوە زمانی فەرمیی وڵاتە دەبێت پەرەی پێ بدرێت.

قسەکانی وەزیری پەروەردەی ڕێژیم، لە حاڵێکدایە کە لە ماددەی ١٥ی یاسا بنەڕەتییەکانی خودی ڕێژیمدا، خوێندن بە زمانی زگماکی بۆ هەموو نەتەوەکانی ئێران ڕێگاپێدراوە، بەڵام ئەم خاڵە یاسایییە لە ماوەی ٤ دەیە لە دەسەڵاتداریەتی ڕێژیمی تاران بەکردەیی نەکراوە، ئەگەرچی هەر چوار ساڵ جارێک لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری، وادە و بەڵێن بە نەتەوەکانی دیکە بەتایبەت کورد دەدرێت، کە لە قوتابخانەکاندا زمانی زگماکی لە پاڵ زمانی فارسیدا دەگوترێتەوە.

ئەگەر سیستمی فێرکاریی ئێران، وەکوو یەکێک لە سیستمە دواکەوتووەکانی دنیا دەناسرێت، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە کە منداڵانی نەتەوە غەیرە فارسەکان، بە زۆرەملێ ناچارن بە زمانێک بخوێنن کە زمانی دایکییان نییە و لە بواری سایکۆلۆژییەوە ئەو کاریگەرییە خراپە لەسەریان دادەنێت، کە تووشی سەرلێشێوانێکی وا دەبن، کە هەم لە زمانەکەی خۆیان نامۆ دەبن و هەمیش زمانی فارسی بەباشی فێر نابن.

شایانی باسە، بە هۆی ئەوەی کە زمان وەکوو کۆڵەکەی هەر نەتەوەیەک لە قەڵەم دەدرێت، لە جیهاندا ڕۆژی ٢١ی فۆرییە وەکوو ڕۆژی زمانی زگماکی دیاری کراوە، چونکە هەموو شارەزایانی کەرتی پەروەردە لە جیهاندا لەسەر ئەو باوەڕەن، منداڵێک کە بە زمانی دایکیی خۆی دەخوێنێت، لەو منداڵەی کە بە زمانی بێگانە دەخوێنێت، زیرەکتر و سەرکەوتووترە.