کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پێکهاتەی ڕێژیمی ئێراندا سیاسەتی بانێک و دوو هەوا بەڕێوە دەچێت

11:54 - 29 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە لە کوردستان، سیاسەتی ئیداریی جیاواز لە نێوان کارمەندە سونییەکان و کارمەندە شێعەکان بەڕێوە دەبات.

بەپێی هەواڵێکی بڵاوکراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، پارێزگاریی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، کە لە نێوان سونییەکان و شێعەکانی ئێران، ڕای جیاواز هەیە، بڕیارێکی دەر کردووە، کە هەڵاواردنی ئایینزایی بەرچاوی پێوە دیارە.

ئەم بڕیارە کە لە لایەن بەرپرسانی دەسنیشانکراوی ڕێژیم لە کوردستاندا دەرکراوە، تێیدا هاتووە، کە کارمەندە سونییەکانی پارێزگای سنە، لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەبیعولئەوەڵ ٢ کاتژمێر زووتر لە بەراورد لەگەڵ ڕۆژانی دیکە دەتوانن بڕۆنەوە بۆ ماڵ و شوێنی کارەکەیان بەجێ بهێڵن، لە حاڵێکدا ڕۆژی ١٧ی ڕەبیعولئەوەڵ  بەتەواوەتی پشوو ڕاگەیەندراوە. 

بەپێی بەڵگە و سەرچاوەی سونی مەزهەبەکان، پێغەمبەری ئیسلام، لە ڕۆژی ١٢ی ڕەبیعولئەوەڵ لە دایک بووە، کە لەگەڵ بەڵگە و سەرچاوەی ئایینزای شێعە مەزهەبەکان کە ئەم ڕێکەوتە بۆ ١٧ی ڕەبیعولئەوەڵ دەگەڕنێنەوە جیاوازی هەیە و لە ڕاستای ئەم دوو بۆچوونە، لە سەردەمی بەرپرسایەتیی ئایەتووڵڵا مونتەرزیدا و لە لایەن ناوبراوەوە، مەودای ئەم چەند ڕۆژە بە ناوی "حەتووی یەکیەتی" ناودێر کرا.

ئەگەرچی ڕێژیمی ئێران، کە بە پێکهاتەیەکی شێعە مەزهەبیی دوازدە ئیمامی خۆی پێناسە کردووە، لە ڕاستای ئەو پێناسەیەش کە بۆ خۆی کردوویەتی، لە هەمبەر نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەشێکی زۆری خاوەن ئایینزای شێعەن، بە دادپەروەریی و تەنانەت پێبەندبوون بە یاسا پەسەندکراەوکانی خۆیشی ناجووڵێتەوە و لە بواری نەتەوەیییەوە کوردە شێعەکان وەکوو بەشێک لە نەتەوەی کورد چاو لێ دەکات و لە بواری ئایینزاییەوە بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە وەکوو بەشێک لە پێکهاتە ئایینزاییەکەی خۆی لە قەڵەمیان دەدات.