کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پەراوێزی کاندیدکرانی کۆچەر بیرکار لەنێو باشترین ٥٠ بیریاری ساڵی ٢٠١٩دا

17:17 - 8 گەلاوێژ 2719

میر زانیار

" هیچ کاتێک گومانت لەوەنەبێت کە بیریاران بتوانن جیهان بگۆڕن، لەبەرئەوەی ئەوە تاکە شتێکە کە ئەوان هەمیشە ئەنجامیان داوە".

تۆم کلارک سەرنووسەری گۆڤاری پرۆسپێکت بە هێنانەوەی ڕستەیەک لە مارگاریت مید دەیهەوێت ئەوە بۆ خوێنەرانی گۆڤارەکەی ڕوون بکاتەوە کە بۆچی ئەوان دەیانهەوێت لە نێو ژمارەیەک لە باشترین فەیلەسووف، زانستڤان و نووسەرانی ساڵدا براوەیەک دیاری بکەن. لە سەردەمێکدا کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژیانی مرۆڤ بەرەو ماشینی بوون دەڕوات و کۆمەڵگەی ئینسانی چیدی وەکوو جاران توانای بەرهەمهێنانی کەسایەتیگەلێکی نموونەی نەماوە کە نەوە دوای نەوە لە مێژوودا بە زیندوویی بمێننەوە، بۆیە گرینگە کە بەرەی نوێی مرۆڤ لە سەردەمێکی لەم چەشنەدا بە کەسانێک ئاشنا ببێت کە لە نێو کۆمەڵگە لێکچووەکاندا توانیویانە جیاوازبوونی خۆیان بپارێزن و بە جیاوازییەکانیان ببنە باس و خواستی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنە جیهانییەکان.

خاڵی جێی بایەخ بۆ ئێمەی کورد کاندیدبوونی "کۆچەر بیرکار"ە لە ڕاپرسی گۆڤاری بریتانیایی پڕۆسپێکتدا بۆ دیاریکردنی براوەیەک لەنێو باشترین ٥٠ بیریاری ساڵدا، گرینگی ئەم کاندیدبوونە ئەوکاتە دەردەکەوێت کە بزانین گۆڤاری پڕۆسپێکت خۆی وەک گۆڤارێک دەناسێنێت کە هەڵگری ناونیشانگەلێکە کە شایانی خوێندنەوەیە لەنێو کەسایەتییە باڵاکانی حکومەتەکان، ڕۆژنامەوانان و بازرگاناندا؛ هاوکات پڕۆسپێکت گۆڤارێکە کە خاوەن دونیابینیەکی تایبەتی خۆیەتی و هەڵگری ئایدیاگەلێکە کە پێناسەی دنیای مۆدێڕن دەکەن.

نەتەوەیەک کە بەدرێژایی مێژوو، شوناس و بوونی لەژێر هەڕەشەدا بووە و سەرەڕای دابەشکرانی نیشتمانەکەی و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی کلتوور و بەها نەتەوەییەکانی بەڵام توانیویەتی هەبوونی خۆی بسەلمێنێت و بەردەوامی بە ژیان بدات هاوئاهەنگ لەگەڵ پاراستنی شوناسی خۆی، ئێستاش لە سەردەمی تێکنۆلۆژیدا سەرەڕای بێبەشبوونی لە ژیانێکی بەختیار و نەبوونی کەمترین پێداویستییە زانستی و سەردەمییەکان و تەنانەت بێبەشبوون لە خوێندن بە زمانی زگماکی خۆی بەڵام کەسایەتییەک بە کۆمەڵگەی ئینسانی دەبەخشێت کە لە نێو نەتەوەیەکەوە دێت کە بێبەشە لە زۆرێک لە مافە ئینسانی و سروشتییەکانی خۆی بەڵام هاوکات وەڵامی بۆ پرسیارگەلێکی قووڵ پێیە کە کەسانێکی پێگەیشتوو لە نێو کۆمەڵگە مۆدێڕنەکان کە مافە ئینسانییەکانیان دەستەبەرە توانایی وەڵامدانەوەیان نییە.

 هەرچەندە ڕەنگە ئێمە لەبەر دۆزیی ڕەوای نەتەوەکەمان بەجۆرێک بین کە شانازیی و دەسکەوتە تاکەکەسی و گشتییەکانمان بەردەوام لە ڕەهەندێکی سیاسییەوە لێک بدەینەوە بەڵام ئەوە شتێکی سروشتییە بۆ نەتەوەیەکی بندەست کە هەوڵ بدات دەسکەوت و سەرکەوتنەکانی لە بوارە جیاجیاکان وەکوو کاناڵێک بەکاربهێنێت بۆ نیشاندانی شوناسی جیاوازی خۆی و پێناسەکردنەوەی خۆی لە دەرەوەی چوارچێوە سەپێندراوەکان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.