کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چەند شاری ئاڵمان خۆپیشاندان و بۆنەی تایبەت بەڕێوە چوو

11:15 - 28 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێک لەبەردەم کۆنسوولگەریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە شاری فرانکفۆرتی ئاڵمان دژی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە بۆنەی شەهیدکردنی ژینگەپارازانی کورد، لە سێدارەدانی لاوانی و هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات، لە لایەن کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندانێک لەبەردەم کۆنسوولگەریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە شاری فڕانکفۆرتی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندەران وێڕای مەحکوومکردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوایان لە ئامریکا و ڕای گشتیی جیهان کرد کە لەهەمبەر جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن. لەو خۆپیشاندانەدا پەیامی هاوبەشیی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکان خوێندرایەوە.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی دژ بە  کۆماری تیرۆریستی ئیسلامیی ئێران لە ئاڵمان، ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەرمانان لە لایەن ناوەندی پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێران و بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەبەر دەم بینای شارەوانیی هامبورگ کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو.

 لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە بۆنەی یادی کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسیی ساڵی ٦٧ و کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەم دوایەی کۆماری ئیسلامی درهەق بە گەلی کورد بەڕێوە چوو، وێڕای مەحکوومکردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پشتیوانی خۆشیان بۆ خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات دەربڕی.

 بە نیسبەت کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی و ساڵڕۆژی شەهیدانی میکۆنوس، ڕۆژی شەممە هاوکات لەگەڵ گرتنی ڕێوڕەسمی تایبەت لەسەر مێنۆمێنتی شەهیدان لە بێرلین،  لە شاری شتووتگارتی ئاڵمانیش خۆپیشاندانێک بە هاوبەشی بەشێک لە کومیتەی حیزبی دێموکرات ئاڵمان و کۆمیتەی پارتی سۆسیالیستی کوردستان لەو وڵاته بە بۆنەی تێرۆری میکۆنۆس و شەهیدکردنی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاورێکانی، هێرشی مووشەکی بۆ سەر حیزبی دێموکرات و ئێعدامی لاوانی کورد بەڕێوە چوو.

هەر بە بۆنەی ٢٦هەمین ساڵیادی شەهیدانی میکۆنوس و هێرشی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر گەلی کورد  لە شاری برێمن کۆڕێکی تایبەت لە لایەن کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە ئاڵمان بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات وتارێکی پیشکەش کرد و دواتر نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار بە وبۆنەوە وتار و پەیامیان خوێندەوە.

هاوکات ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەرمانان لە شاری هانۆڤەر ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە هاوبەشیی ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبەکانیتری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.