کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئێران پلەی یەکەمی لە بواری خۆسووتاندنی ژنانەوە هەیە

11:08 - 31 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ئێران لە ئاستی جیهاندا پلەی سێهەم و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا پلەی یەکەمی لە بواری خۆکوژیی ژنانەوە هەیە.

ساڵانە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەس لە جیهاندا بە هۆکارگەلی جۆراوجۆر دەست دەدەنە خۆکوژی، لەو پێوەندییەدا پاش چین و هێند، ئێران لە ئاستی جیهاندا لە بواری خۆکوژیی ژنانەوە پلەی سێهەم و لە ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستیشدا پلەی یەکەمی هەیە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان خۆکوژیی ژنان لە ژێر سێبەری ڕێژیمی ئێراندا ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووی لە زیادبوونە.

خۆسووتاندن یەکێک ترسناکترین و پڕئازارترین جۆرەکانی خۆکوژییە، ئاماری خۆکوژییەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ئێران و بەتایبەت لە پارێزگا کوردنشینەکاندا بەرز بووەتەوە.

لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان زیاترین ئاماری خۆسووتاندنی ژنان تۆمار کراوە، لەو پێوەندییەدا کۆمەڵناسان هۆکاری ئەو خۆسوتاندنانەیان بۆ پەرەسەندنی هەژاری و هەروەها کۆچی گوندنشینەکان و نیشتەجێبوونیان لە دەوروبەری شارە گەورەکان باس کردووە.

شایانی باسە، کە پاش ڕوودانی بوومەلەرزەی ٧.٣ ڕیشتەری ڕێکەوتی ٢١ خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی لە پارێزگای کرماشان، کە بەو هۆیەوە زۆربەی هەرە زۆری گوندەکانی دەورووبەری ئەزگلە، سەلاس باوەجانی و سەرپێڵی‌زەهاو زیانێکی ماڵی و گیانی یەکجار زۆریان بەرکەوت، بەڵام کۆماری ئیسلامی نەک بە هانای ئەو خەڵکەوە نەچوو، بەڵکوو تەنانەت لە زۆر شوێندا پێشی بە یارمەتییە خەڵکییەکانیش دەگرت.

بەپێی هەواڵ و زانیارییەکان، بە هۆی هەژاری و بێدەرەتانی و پشتگوێخرانی ئەو خەڵکە لە لایەن ڕێژیمەوە، دیاردەی خۆکوژی لە نێو ئەو بوومەلەرزەلێدراوانەشدا ڕووی لە زیادبوون کردووە.