کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕێوڕەسمەکانی تاسووعا و عاشوورادا دروشمی دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گوتراوەتەوە

11:54 - 31 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا لەکاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی تاسووعا و عاشوورادا خەڵک بە دانی دروشمی دژ بە ڕێژیم ناڕەزایەتیی خۆیان لە بەرانبەر خراپی بارودۆخی ژیان دەربڕیوە.

بەپێی وێنە و فیلمە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هاووڵاتییانی ئێران لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە ماتەمینەکانی تاسووعا و عاشوورادا دروشمیان دژ بە ڕێژیمی ئێران وتووەتەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان لە بەرانبەر گرانی، بێئاوی و خراپیی بارودۆخی ژیان دەربڕیوە.

لە پارێزگای خووزستاندا، کۆمەڵێک خەڵک ڕێگای لووردگان - ئەهوازیان بەست و لە کاتێکدا جلوبەرگی ڕەشییان لەبەر کردبوو، بۆ ئازار و گرفتەکانییان لە سینگی خۆیان دەدا و دروشمی "کەربەلا ئێرەیە ئێمە ئاومان نییە، نەینەوا ئێرەیە ئێمە ئاومان نییە"یان وتووەتەوە.

لە شاری سووسەنگرد، ئازیەتباران کە زۆربەیان عەرەب بوون، دروشمی "بِسْم الدین باکونه الحرامیه"  بە واتای "بە ناوی دین سامانی ئێمەتان تاڵان کرد" بە دژی حکوومەتی ویلایەتی فەقیهـ ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

لە شاری خوڕەماوای پارێزگای لوڕستان کاتێک نوێنەری ویلایەتی فەقیهـ لە شوێنی لێدواندا ویستی بە بۆنەی مەراسیمی ماتەمینی تاسووعا و عاشووردا لێدوان بدات، لە کاتی وتنەوەی دروشمی دژی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران شوێنی ماتەمینیەکەی بەجێ هێشت.

لە شاری تاران خەڵک لە هەندێک لە هەیئەتەکانی ماتەمینی سروودێکیان لە دژی تاڵانکەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و دروشمی دژی ئەم ڕێژیمەیان وتووەتەوە.

لە زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێراندا، خەڵک ڕێوڕەسمی ماتەمینی تاسووعا و عاشوورایان بە شێوە باو و حکومەتییەکەی بەڕێوە نەبردووە، بەڵکوو بە شێوەیەکی ئازادانە و دروشمی دژی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیان وتووەتەوە.

ئەم ناڕەزایەتیدەربڕینانەی خەڵک لە کاتێکدا بووە، ڕێژیم بە هەناردەکردنی هێزێکی زۆر لە لیباس شەخسی و نیزامییەکانی بۆ شوێنی ماتەمینەکان ویستوویەتی ڕێ لە ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵک بگرێت.

ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژی خراپبوونی باری گوزەرانی خەڵک و گرانی و بێکاری لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێ کردووە و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرینتر دەبێت.