کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کازروون بە هۆی کێشە ئاو هاووڵاتییەک کوژرا

13:18 - 22 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە یەکێک لە گوندەکانی شاری کازروون، سەر بە پارێزگای شیراز، بە هۆی کێشە ئاو، هاووڵاتییەک لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە کوژراوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و پشتڕاست کردنەوەی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم، لە گوندی "کەماروج" سەر بە شاری کازروون، لە شەڕ و تێکەڵچوونێک بە هۆی کێشەی ئاوەوە، کەسێکی خەڵکی ئەو گوندە بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان کوژراوە.

لەم پێوەندییەدا محەممەد عیبادینژاد، فەرماندەی ئینتزامیی کازروون، وتوویەتی: مەئموورانی هێزی ئینتزامی بە چەکی تاپڕەوە بەرەو ئاسمان تەقەیان کردووە، بەڵام بە هۆی ئەم تەقە ئاسمانییەوە، کەسێک بریندار بووە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە.

ناوبراو وتوویەتی: ئەم تێکەڵچوونە بە هۆی ئەوە بووە، کە هێزە ئینتزامییەکان، بە حوکمی قەزایییەوە ویستوویانە، ئەو پۆمپە ئاوانە کۆ بکەنەوە کە نایاسایین، کە لەگەڵ ناڕەزایەتی و بەردهاویشتنی خەڵکی ئەو گوندە بەرەڕوو بوونەتەوە.

قسەکانی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە دوو ڕەهەندەوە جێی سەرسووڕمانە، یەکەم: ئەوەی کە کەسێک بە تەقەی ئاسمانی بکوژرێت، شتێکی دوور لە باوەڕ و عەقڵە و دووهەم: ئەوەی کە دەڵێت: مەئموورانی ئینتزامی ویستوویانە پۆمپە قەدەغەکراوەکان کۆ بکەنەوە، مەگەر ئەرک و کاری هێزە ئینتزامییەکان گۆڕابێت، دەنا ئەو کارە لە وڵاتە یاسامەندەکاندا ئەرکی کۆمپانیای ئاوە و ئەرکی هێزی ئینتزامیش جێگیرکردنی ئاسایشی وڵاتە.