کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کانادا دژی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوە چوو

12:06 - 22 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو.

ڕۆژی دوشەممه، ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ژمارەیەکی بەرچاوو لە کوردەکانی ڕۆژئاوای کانادا بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و وێنەی شەھیدان لە گۆڕەپانی سەرەکیی ناوەندی شاری ڤانکۆوێر  بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و سەرکۆنەی ھێرشی تاوانکارانە و تێرۆریستیی ڕێژیمی تاران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە و لەسێدارەدانی لاوانی بێتاوانی کورد کۆبوونەوە.

لەو خۆپیشاندانەدا سەرەتا سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و پاراستنی بێدەنگی بە حورمەتی شەھیدانی گەل دەستی پێکرد.

دواتر "حەمید بەھرامی" مەبەست لە خۆپیشاندانەکەی بۆ ئامادەبووان و ھاووڵاتییانی کانادایی شی کردەوە.

 دواتر پەیامی خۆپیشاندەران بە زمانی کوردی  "ئەنوەر کەریمی"  و  بە زمانی ئینگلیزی  لە لایەن "ئیسمایل ئیبراھیمی"  پێشکەش کرا.

پەیامی خۆپیشاندەران ھەڵگری تووڕەیی و ڕق و بێزاری لە کردەوە جینایەتکارنەکەی ڕێژیمی تاران بوو و تێیدا وێڕای ئاماژە بە چندین نموونە لە زۆرداری و سەرەرۆیی و کردووەی تێرۆریستیی داگیرکەران  داوای لە کاربەدەستانی کانادایی، دام و دەزگا نێونەتەوەیی و مرۆڤدۆستەکان کرد کە لە ئاست جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن و زەختی زیاتر بخرێتە سەر ڕێژیم بۆ کۆتایی ھێنان بە شاگیرکەری و پێشێلکردنی سەرەتایی ترین مافەکانی گەلی کورد لە ئێران دا.

ئەم خۆپیشاندانە بە درۆشم و بلاوکردنەوەی پەیامی ئامادەبوان لە نێو ھاووڵاتییانی کاناداییدا کۆتایی پێھات.