کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کفن لەبەرکردنی کرێکارانی ئەهوازەوە تا حوکمی قامچیی کرێکارانی ئیلام

12:27 - 20 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کرێکارانی فوولادی ئەهواز ٣١ـەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی خۆیان به لە بەرکردنی کفن درێژە پێدا؛ ١٥ کرێکاری ئیلامیش حوکمی٩ ساڵ زیندان و ١١٠٠ قامچییان بۆ بڕایەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکارانی فوولادی ئەهواز، لە ٣١ـەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی خۆیاندا، لە بەردەم بینای پارێزگاریی خووزستان کۆبوونەوە.

ئەم کرێکارانە بە لەبەرکردنی کفن، بە دانی دروشم دژی بەرپرسانی پارێزگاکە و بە کۆبوونەوە، شەقامی نووسینگەکەی ئیمامی جەماعەتی ئەهوازیان داخست.

ئەوان لەم کۆبوونەوەیەدا دروشمگەلێکی وەک: "وڵاتی ئێمە خانووی دزه ـ لە جیهاندا نموونەیە"، "ڕۆحانی درۆزن، کلیلی تەدبیرت کوا"، "پارێزگار و فەرماندار، بێ عورزە و بێخەیاڵ"، "بەرپرسی نەشیاو، وازهێنان وازهێنان"، درێژەیان به ناڕەزایەتیییەکانیان دا.

لە لایەکی تریشەوە، پاش تۆمارکردنی سکاڵا لە لایەن شێرکەتی پێترۆشیمیی ئیلامەوە، دادگای کەیفەریی ئەم شارە، حوکمی٩ ساڵ زیندان و ١١٠٠ قامچیی بۆ ١٥ کەس لە کرێکارەکانی ئەم شیرکەتەی بڕییەوە.

هۆکاری دەرکردنی ئەو حوکمە لە لایەن دادگاوە، تێکدانی نەزم و ئەمنییەت و ئاسایشی گشتی ڕاگەیەندراوە.

لە درێژەی ئەم ناڕەزایەتییانەدا، ماڵبڕاوەکانی دامەزراوەی کاسپییەنیش کە زۆرینەیان لە ژنان پێکهاتبوو، ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی سەرماوەز لە بەرانبەر نووسینگەی ئەم دامەزراوەیەدا لە شاری ڕەشت کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئەوان به دروشمگەلێکی وەک "سفرەی ئێمە بەتاڵە، پارەمان نییە"، "خوێندکار، کرێکار، ماڵبراو ـ یەکگرتن یەکگرتن" و بە دەیان دروشمی دیکە داوای پارەکانی خۆیان لەم دامەزراوەیە کرد.

کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە ئێراندا هاوکاتە لەگەڵ دروشمگەلێک به ناوەڕۆکی یەکگرتنەوە کە ئەمەش بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ سەرکوتی ئەم ناڕەزایەتییانە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە.