کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە چوو

11:14 - 17 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و گیانفیدایی پێشمەرگە، لە کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شارەکانی کوردستان: شاری سنە، مەهاباد، بۆکان، سایین قەڵا، پیرانشار و نەغەدە، بە شێوەیەکی بەربڵاو تراکت و پۆستێری تایبەت بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانیان بڵاو کردووەتەوە.

پێشمەرگەکانی شار، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری سایین قەڵا بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی لە نێو شار و جاددەی سایین قەڵا هەتا بۆکان و زۆربەی گوندەکان؛ پشتیوانی و خۆشەویستیی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگە دەربڕیوە.

ئەو شوێنانەی چالاکیی تەبلیغیی تێدا بەڕێوە چووه، بریتین: لە "دونگز کەندی، ئاختەپە، مەحموودئاوا، ئۆینەچی، گاینجە، داشاغڵ، هەوارە بەرزە، ئاڵبڵاغ، گۆل، تورکماکەندی، قەڵایچی و جامەرد، سێڕێیانی نێو گوند و قوتابخانەی گوندەکان، جاددەی شارەکانی دەورووبەر، زۆربەی کۆڵان و شەقامە تورکنشین و کوردنشینەکانی سایین قەڵا وەک پیشەسازان، معاینە فەننی و گازی سی.ئێن.جیی شار، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، ڕێژەی چالاکییە تەبلیغییەکان بە شێوەیەک بەربڵاو و بەرچاو بووە، کە هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران تووشی سەرسووڕمان بوو و بەو چالاکییانە ئیدعای وریایی و ئاگاداریی هێزەکانی ڕێژیم تێکشکا.

هاوکات  قارەمانانی دێموکرات لە شاری مەهاباد، بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان بە نووسینی دروشم و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ڕێزیان لەو ڕۆژه مێژوویییە گرت. هەروەها لە شوێنەکانی وەک "بەری مەدرەسە، بەری شیلانان و باغی شایەگان" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

لە درێژەی ئەو چالاکییە تەبلیغییانەدا، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری نەغەدە، بە بۆنەی هاتنی ٢٦ی سەرەماوەز چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لە درێژەی کار و چالاکییە تەبلیغییەکان، لە شاری سنەی قارەمان، بە بۆنەی هاتنی  ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بە نووسینی دروشمی وەک: "پیرۆز بێ ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، ڕاسان دژی حکوومەتی سێدارە بەردەوامە و ٢٦ی سەرماوەز پیرۆز بێت" ڕێزیان لە پێشمەرگە گرت.

هاوکات تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری پیرانشار، لە درێژەی چالاکییە تەبلیغییەکاندا، به بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لە گوندی "کارخانه" و کارخانەی قەندی پیرانشار"، وێنە و پۆستێری تایبەت بە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانیان بڵاو کردەوە.

هەر بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری تاران، پێتەختی ئێران، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و ئەمەگناسیی خۆیان بە پێشمەرگە دووپات کردەوە.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری تاران، لە پەیامێکدا بە نێوەرۆکی: "سەرماوەزتان پیرۆزبێت، ئەی پێشمەرگە قارەمانەکانی نیشتمان، ئەی خۆشەویستترین ڕۆڵەکانی گەل، ئەی پشتیوانەکانی هەژاران، ئەی دوژمن بەزێنەکانی کوردستان، پیرۆزتان بێت سەرماوەزی پڕ لە شکۆی ڕاسان" پیرۆزباییان لە پێشمەرگە کرد.