کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کوردستاندا، چیا سەنگەری هزر و پێنووسە

17:21 - 12 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی شەهید ئیسماعیل شەریفزادەیە، کە ئەو ڕۆژە لە لایەن یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، وەک ڕۆژی خوێندکاری کورد ناسراوە.

٥٠ ساڵ لەمەوپێش و لە ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی، شوڕەسوارێكی گۆڕەپانی كوردایەتی و هەڵۆیەكی تیژباڵی سەنگەری ئازادیخوازیی كوردستان، لە لایەن سیخوڕ و ژاندارمەكانی ڕێژیمی پاشایەتی شەهید كرا.

شەهید ئیسمایل شەریفزادە، خوێندكاری دەروەست و تێگەیشتووی ئەندازیاری ئەلكترۆنیكی زانكۆی پۆلی تێكنیكــی شاری تاران بوو. لە دەیەكانی ٤٠ی هەتاوی كە فەزای تۆقان و هەڕەشە باڵی بە سەر گشت ئێراندا كێشابوو و دەرفەتی هیچ چەشنە چالاكییەكی سیاسی لە ئێراندا و بەتایبەت لە زانكۆكاندا نەبوو، سمایل شەریفزادە زانكۆ و كورسی بەجێ دەهێڵێت و ڕوو لە ڕیزەكانی پێشمەرگە و حیزبی دێموكرات دەكات. دۆخی ئەوكات و ئەو هەلومەرجەی كە حیزب تێدا بوو، بۆ سمایل شەریفزادە و كۆمەڵێك لە ڕۆڵە سەربەخۆ و شۆڕشگێڕەكانی نێو حیزب و بەشێك لە ڕێبەرایەتیی ئەوكاتی حیزب جێی قەبووڵكردن نەبوو. خۆسەپاندن و سەركوتی بێبەزەیییانە و بانگی درۆیینەی جەزیرەی ئارامی ناوچەیان لە لایەن ڕێژیمی پاشایەتییەوە پێ قەبووڵ نەدەكرا و ئارامییان لە خەیاڵی دیكتاتۆر تێكدا.

گرینگیی ئەو جووڵانەوە و بوێری و گیانبازی و ئازایەتیی ڕێبەرانی ئەو بزووتنەوە لەوەدا بوو، كە لە سەردەم و هەلومەرجێكدا چەكی شەرەفیان لە شان كرد كە دەیانزانی چ چارەنووسێك چاوەڕێیان دەكات و هەر بۆیەش ئەو هەڵمەتە بەرزەی ئەوان بووە هۆی وەگەڕخستنی كوانووی خەبات لە كوردستانی ئێراندا، بەڵام سمایل شەریفزادە لە لایەن خوێندكارانی كورد و بزووتنەوەی خوێندكاریی كوردستاندا خاوەنی جێگە و پێگەیەكی تایبەتە. گوتاری زاڵ بە سەر زانكۆكانی ئەوكات و مێتۆدی خەبات چەپێكی ڕادیكاڵ و شەڕی چەكداری بوو. هەر بۆیەش سمایل شەریفزادە لەو سەردەمەدا و بەپێی ئەو هەلومەرجەی كە تێیدا بوو ڕێگای شاخ و شەڕی چەكداری هەڵبژارد.

سمایل شەریفزادە هێما و سەمبولی خوێندكارانێكی دەروەست بە كوردستان و نەتەوەی كوردە، كە لە نێو زانكۆ و جووڵانەوەی خوێندكاریی سەرانسەریدا خاوەن گوتار و داخوازیی خۆیانن و هەڵوێستی ئەوان، هەڵوێستێكی نەتەوەیییە و لە هیچ كات و شوێنێكدا پشت لە مافە نەتەوەیی و خواستی نەتەوەكەیان ناكەن.

لە ڕۆژی خوێندکاری کورددا، پەیمان لەگەڵ ڕێبازی شەهید شەریفزادە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان نوێ دەکەینەوە.