کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کەمپەکانی بەناو چارەسەریی نەخۆشیی مادە هۆشبەرەکان ئەشکەنجە تەنیا ڕێکارە

11:52 - 23 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: لە کەمپەکانی بەناو ڕزگارکردنی تووشبووانی مادە هۆشبەرەکان، لە جیاتی شێوازە دەروونناسییەکان لە ئەشکەنجە و لێدان کەڵک وەر دەگرن.

لە کورتە فیلمێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، بەرپرسی یەکێک لە کەمپەکانی بەناو ڕزگارکردنی تووشبووانی مادە هۆشبەرەکان، بە دارێکەوە لەو کەسانە دەدات کە پەنایان بۆ ئەو شوێنە بردووە، هەتا بە دەست دیاردەی ئێعتاد ڕزگاریان بکات.

ئەم کورتەفیلمە چیرۆکی هەڵسوکەوت و شێوازی هەزارانێک وەکوو ئەو کەمپانەیە، کە تەنیا بۆ بانگەشە و پڕوپاگەندەی بەرپرسانی ڕێژیم دامەزراون، کە گوایە ڕێژیمی لە هەوڵی بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە ماڵوێرانکەرەیە.

ئەم کەمپانە، کە یەکەمجار لە لایەن کەسانێک دڵسۆز و خێرخوازەوە، بە مەبەستی چارەسەریی نەخۆشیی تووشبووانی بە مادە سڕکەرەکان دامەزران، لە شێوازە دەروونناسییەکان بۆ ئەم پرۆسەیە کەڵکیان وەر دەگرت، بەڵام پاش ماوەیەک ڕێژیم لە ڕێگای دەستوپێوەندییەکانی خۆیەوە، دەستیان بەسەر ئەم کەمپانەدا گرت و شێوازە دەروونناسییەکان بۆ ئەشکەنجە و کوشتن گۆڕدرا.

هەر لەم پێوەندییەدا، مانگی ڕابردووش، لە شاری بۆکان، بنەماڵەیەک کە کوڕەکەیان بە ناوی حوسێن عەلیزادە، ڕادەستی ئەنجومەنێک بەناو چارەسەریی ئێعتیاد دەکەن، هەتا لە دەست ئێعتاد ڕزگاری بکەن، بەڵام پاش دوو ڕۆژ تەرمی کوڕەکەیان پێ دەدرێتەوە و تەنانەت بە پێشنیاری دییە و هەڕەشەکردن لە لایەن بەرپرسانی ئەو ئەنجومەنە کە سەر بە ڕێژیمن، داوا لەو بنەماڵە دەکرێت کە لەسەر کوشتنی کوڕەکەیان سکاڵا تۆمار نەکەن.