کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ١٠ی سێپتامبردا ئامارەکان باس لە پەرەسەندنی خۆکوژی دەکەن

12:22 - 19 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: دیاریکردنی ڕۆژی ١٠ی سێپتامبری هەموو ساڵێک وەکوو ڕۆژی جیهانیی پێشگرتن لە خۆکوژی لە حاڵێکدایە کە ئەم دیاردەیە بەتایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێهەم و لەوانە ئێران و کوردستاندا زیاتر لە جاران لە حاڵی پەرەسەندندایە.

دیاردەی خۆکوژی یەکێک لەو دیاردانەیە کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی تووشی کێشەی جیددی کردووە، هەر بۆیە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠١١دا لە ڕێوڕەسمێکدا، دەستی دایە بڵاوکردنەوەی "سیاسەتنامەی پێشگرتن لە خۆکوژی" کە زۆرینەی وڵاتەکانیش بۆ پێشگرتن لەم دیاردەیە، پێڕەوی لێ دەکەن.

لە ڕۆژی ١٠ی سێپتامبردا کە وەکوو ڕۆژی جیهانیی پێشگرتن لە خۆکوژی ناوزەد کراوە، لە سەرتاسەری جیهاندا بە مەبەستی بردنەسەرەوەی ئاستی ئاگایی گشتی بەنیسبەت دیاردەی خۆکوژی و پێشگرتن لەو دیاردەیە، ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوە دەچێت.

بەڕێوەبردنی ئەو ڕێوڕەسمانە نیشانەی گرینگیدانی وڵاتان بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها کەمکردنەوەی ئاستی کێشەکانە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە وڵاتی ئێراندا، دیاردەی خۆکوژی لە ئاستی خۆی تێپەڕیوە و ئێستاکە وەکوو قەیرانێکی جیددی دەبێ چاوی لێ بکرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، "مریەم عەباسی نژاد"، بەرپرسی بەرنامەی پێشگرتن لە خۆکوژی لە وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیمی ئێراندا، ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ٩٧ی هەتاویدا، نزیک بە ١٠٠ هەزار خۆکوژی تۆمار کراوە کە ئاماری خۆکوژی لە شارەکانی کوردستاندا زیاتر لە هەموو شوێنەکانی دیکەی ئێران ڕاگەیەندراوە.

"عەباسی نژاد" هەروەها وتوویەتی: "لە ساڵی ٩٤ـەوە هەتا ساڵی ٩٧ ڕێژەی خۆکوژی لە ئێراندا، زیادی کردووە و ڕێژەی خۆکوژی لە ٩٤ کەس لە هەر ١٠٠ هەزار کەسدا گەیشتووەتە ١٢٥ کەس لە ١٠٠ هەزار کەسدا.

ڕاپۆرتەکانی خودی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران نیشانی دەدەن کە قوربانییانی سەرەکی لە دیاردەی خۆکوژیدا ژنانن کە زۆتر لە ڕێگەی خۆهەڵواسین و خۆسووتاندنەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

٧٥ لەسەدی ئەو کەسانەی کە خۆکوژییان کردووە تەمەنیان لە نێوان ١٥ تا ٣٤ ساڵدا بووە. ٥٠ لەسەدیان خێزاندار بوونە. ٥٣ لەسەدی خۆکوژییەکان لە کەسانێکدا ڕووی داوە کە ئاستی خوێندەوارییان لەژێر دیپلۆمدا بووە. ٧٣ لەسەدی ئەو کەسانەی کە خۆکوژییان کردووە کەسانێکن کە لە ناوچە پەراوێزنشینەکاندا ژیاون.١١ لەسەدی قوربانییان قوتابی بوونە و ٨٢ لەسەدیشیان بۆ خۆکوژی دەرمانیان خواردووە.

بڵاوبوونەوەی ئامارگەلێکی لەم چەشنە لە لایەن خودی ڕێژیمەوە، جێی باوەڕ نین و ئامارە ڕاستەقینەکان قەیرانەکە زۆر زۆر گەورەتر نیشان دەدەن. هەبوونی کێشە جیاوازەکان لە کۆمەڵگای ئێراندا بەگشتی و لە پارێزگاکانی کوردستاندا بەتایبەتی پێویستییان بە خەسارناسییەکی قووڵ و هەنگاوی کردەیی هەیە کە لە لایەن بەرپرسان و کاربەدەسەتانی ڕێژیمەوە هیچ گرینگییەک بەم دۆخە نالەبارە نادرێت.