کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یادی قاسملووی رێبەردا

12:48 - 14 پووشپەڕ 2719

کاوە بهرامی

٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ مێژوویەکی تاڵ بۆ گەلی کورد بە گشتی، بە تایبەت بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە لە کردەوەیەکی  تیروریستیدا، کۆماری ئیسلامی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێی تێکۆشەر و ماندوونەناس کاک عەبدوڵا قادری ئازەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی حیزب لە دەرەوەی وڵات، کاک دوکتوور فازڵ رەسووڵ کەسایەتی ناسراوی کوردی باشوور لە سەر مێزی بە ناو وتووێژ لە ویەن پێتەختی وڵاتی ئۆتریش تیرۆر کرد و شەهید بوون؛ هەنوکە سی ساڵ بە سەر ئەو کردەوە تیرۆریستییەی سپای پاسدارانی رێژیم تێدەپەڕێ بەڵام گەلی کورد و دوکتووری رێبەر و سەرکردە و دیپلۆمات و مامۆستای زانکۆ و ئابووریناس و هاوڕێیانی لە بیر نەکرد و بۆ هەتاهەتایە لە ئاسمانی بایەخە مروڤایەتییەکاندا دەمێنێتەوە .

دوکتور قاسلملوو رێبەرێکە پاش ٣٠ ساڵ هزر و ئەندێشە و نووسین و رێنوێنییەکانی هەردەم زیندوون و جێگای تایبەتییان لە کۆڕ و کۆمەڵەکانی ئێران و کوردستان هەیە.

سی ساڵ بە سەرکارەساتی ناجوانمێرانە و تیرۆریستی و دژی گەلی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ شەهیدکرانی رێبەری مەزنی گەلەکەمان دوکتور عەبدولڕەحمان  قاسملوو کە ئەو کات سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو تێدەپەڕێ . هەرکامە لە ئێمە کە لە نیزیکەوە پێوەندی و ناسراویمان لەگەڵ رێبەری نەمری گەلەکەماندا هەبووە، هەڵسوکەوت و رێنوێنییە بەنرخەکانی لە گوێمان دەزرینگێتەوە و لە پێش چاومان ون نابێ و لە بیرو دڵمان جێگای خۆی کردۆتەوە، من نووسەر نیم بەڵام ئۆگریم بە شەهید دوکتور قاسملوو هانی دام پاش شەهیدبوونی گۆشەیەکی کەم لە نووسین و وتە و ڕێنوێنییەکانی بە هاوکاری کۆمەڵێک لە هاوڕێیان و ئۆگرانی دوکتور قاسملوو لە پەرتوکێک بە ناوی "تا‌ڤگەی حەقیقەت" لە چوار بەرگ (١٣٧٥)کۆبکەمەوە و بە کورتیش کتێبێک بە ناوی رێبەری مودیر و شۆڕشگێڕێکی دێموکرات وەک سەرەتایەک لە ژیانی ناوبراو بنووسم؛ تا ئەو کات هیچ کەس و لایەنێک لەو پیوەندیەدا بەرهەمەکانی کاک د.قاسملوویان بڵاو نەکردبوویەوە بەڵام بەخۆشییەوە ئێستا ئۆگرانی دوکتور قاسملوو و دڵسۆزانی کورد بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەکان یان کۆمەڵێک کتێب یان لەو پێوەندییە سەبارەت بە گەورەیی و لێزانی و سیاسەت و دیپلۆماسی شەهیدی هەمیشە زیندوو کاک دوکتور قاسملوو نووسیوە و کۆ کردۆتەوە کە بۆ من جێگای شانازییە و دەسخۆشیان لێدەکەم .

لە یادەوەری و بیرەوەرییەکانمدا سیهەمین ساڵی شەهیدکردنی رێبەری مەزن دوکتور قاسملوو بە کورتی یادێک لە چۆنییەتی لێدوان و باس و بابەتە بەنرخەکانی لەم نووسینەدا دەکەم. کاک د.قاسملوو لە کۆڕ و سمینارەکاندا بەردەوام باسی لەوە دەکرد کە ئازادی و دێموکراسی دوو چەمکی تەواوکەری یەکتر بۆ رزگاری گەلانی ئیران لە چنگ دیکتاتۆری و پاوانخوازین و  پێی وابوو دێموکراسی لە ئێران بە بێ پاراستن و دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەکان سەقامگیر نابێ، پێویستە ئێران وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە بیر لە چارەسەری گەلانی ئێران بکاتەوە. هەر لەو پێوەندییەدا دەفەرمێ هەرگیز ((خەبات بۆ دێموکراسی نابێ بچێتە ژێر سێبەری خەبات بۆ مافی نەتەوایەتی یا خەباتی چینایەتی، تا حیزبی دێموکرات ماوە دێموکراسی مەبەست و ئامانجیەتی)) . شەهید دوکتور قاسملوو رۆڵی سەرەکی لە داڕشتن و رێکخستنی بنەمای فکری و سیاسی و تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەبوو. ئەو، حیزبی دێموکراتی لە بواری بۆچوونی سیاسی گەیاندە لوتکەی ئەحزابی پێشکەوتوو؛ بۆ یەکەمین جار دێموکراسی لەگەڵ سوسیالیزم لە گوفتمانێکدا بە ناوی کورتەباسێک لە سەر سوسیالیزم پێکەوە گرێدا، دیموکراسی نێوخۆیی حیزبی کردە  مەبنایەک بۆ پێکەوەکارکردن و رێکارێک بۆ پێکەوەبوونی گەلان و رزگاری لە چنگ دیکتاتۆری و پاوانخوازی.

ئەگەر چاوێک لە رەوتی کاری سیاسی - کۆمەڵایەتی - دیپلۆماسی ئەو سەردەمەی حیزبی دێموکرات بکەین بۆمان دەردەکەوێ کە چۆن توانی ئەم حیزبە لەگەڵ هەلومەرجی سەردەم رێک بخات، لە گۆشەنیگایەکی کورتیش بێت بڕوانینە ئەدەبیات و شێوەی ئاخاوتنەکانی ئەوکات خۆی و بەرێوەبەرانی حیزب و راگەیاندنەکانی ئەو کاتەی حیزب بۆمان دەردەکەوێ ئەدەبیاتێکی جیاواز لە هەموو ئەدەبیاتەکانی دیکە بە گوفتمانێکی سادە بۆ تێگەیشتنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ گەشەکردنی سیاسی و فەرهەنگی و دەستنیشانکردنی ئێش و ئازارەکانی گەلی کورد بە ئەدەبیاتێکی رەوان و سادە و پاراو پەیام و بۆچوونەکانی حیزبی ئێمە لە بەر دەست کورد و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە رۆژهەڵات بە هەموو چین و توێژەکانی دەگەیشت .

زۆر جار رەخنە لە حیزبی ئێمە دەگیرێ و دەڵێن وتووێژی حیزبی دێموکرات لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی کاک د.قاسملوو لە جێی خۆیدا نەبووە لە بەر ئەوە، سەرئەنجامی ئەو وتووێژەش شەهیدکرانی رێبەری سەرکردەمانی بە دواوە بوو؛ رەنگە لە بواری چۆنییەتی و رێگا و شوێنی ئەمنییەتی ئەو بارودۆخە راست بێ بەڵام دوکتور قاسملوو مرۆ‌ڤێکی ئاشتیخواز بوو بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوو کێشەکانی گەلی کورد لە رێگای دیالۆگ و ئاشتییەوە و بێ خوێنرشتن چارەسەر بکات، بۆیە رێگای وتووێژی لە گەڵ دوژمنانی گەلی کورد بۆ چارەسەری کێشەکان دەزانی، خەباتی چەکداری وەک خەباتێکی سەپێندراو بە سەر گەلی کورددا چاو لێدەکرد، رێبەری دەکرد و هەردەم خوازیاری بەرگری رەوا بوو .

بە هۆی خوێندنەوەی گۆڤارو رۆژنامە و کتێب و راگەیاندنەکان لێکدانەوەکانی هەردەم واقعبینانە و دروست بوون، هەر بۆیە لە بواری جهانبینییەوە زۆر دەقیق و ورد بوو.

باوەڕی تەواوی بە پاراستنی مافی مرۆڤ و کەرامەتی ئینسانی هەبوو، یەکەم حیزب بووین یاسای شەڕمان لە بواری دیلەکانی شەڕەوە لە کوردستان بڵاو کردەوە و لە کاتی خەباتی چەکداریدا توندوتیژ و لە کاتی شەڕدا لێکۆڵینەوەی لەو کەس و لایەنانە دەکرد کە یاساکانی شەڕ ناپارێزن و رینوێنی دەدان.

لە سەختترین هەلومەرجی خەباتی چەکداریدا بایەخی تەواوی بە مافی ژنان ئەدا و پێگری بەرەوپێشچوونی مافی ژنانی دەکرد، کۆرو کۆبونەوەی بۆ ساز دەکردن، هانی ئەدان کە دەبێ هەوڵ بدەن بە مافی خۆیان بگەن، لە پەیوەندی لەگەڵ بەرێوەبردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەم رێبەرێکی لێوەشاوە و هەم مودیرێکی مودەبیرو کاردان بوو، سیاسەتی ناوخۆیی و بەڕێوەبەری حیزبی بە باشی رێک دەخست و سیاسەتی دەرەکی بەپێی لێکدانەوەی بارودۆخی ئەو کات دادەڕشت، ئەو چەمکی سەربەخۆیی سیاسی هێنایە ناو فەرهەنگی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران و حیزبێکی سەربەخۆی بۆ گەلی کورد رێک خست . فەرهەنگی رەخنە لەخۆگرتن و رەخنەگرتنی هێنایە ناو حیزبی دێموکرات بۆ گەشەکردن و پێداچوونەوە بە کەم و کووڕییەکان و ساق کردنەوەی هەڵەکان دەورێکی کاریگەری بوو .

سەرەرای هەموو خاڵە بەقوەت و شۆڕشگێڕانەکانی لە مەیدانی خەبات لە شاخ و شار، لە بواری سیاسی و دیپلوماسی لە ئاستی هەر چوارپارچەی کوردستان، شەهید دوکتور قاسملوو وەک مامۆستایەکی لێهاتوو و زانای زانکۆکانی ئورووپا توانی دەورێکی کاریگەر بۆ ناساندنی دۆزی کورد و ئێش و ئازارەکانی گەلی کورد بگێڕێ و لە ئاستی جیهاندا کورد بە دونیا بناسێنێ. لە کۆتایی دەبێ بڵێین بۆ گەلی کورد لە دایک بوو ، لە پێناوی ئامانجەکانی گەلی کوردیش گیانی شیرینی بەخت کرد. هەردەم وتە بەنرخەکانی لە مێشکی ئێمەدا چرای رووناکی رێگای خەباتمان دەبن تا گەیشتن بە سەرکەوتن .

هەر وەک رێبەری گەورە و زانامان دەڵێ : باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژە پێدانی رێگایانە.