کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یەک ساڵدا ٧٠٠ میلیارد تمەن ون بووە!

12:16 - 18 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ئابووریناسێکی حکوومەتی ڕایگەیاندووە، لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕوحانیدا تاڵانکارییەکان بەشێوەی ڕێکخراوەیی و بەرنامەداڕێژراو ئەنجام دراون و لانیکەم ٧٠٠ میلیارد تمەن تەنیا لە یەک ساڵدا دزراوە.

سەعید لەیلاز، ئابوریناس و ئەندامی شۆرای ناوەندی حیزبی "کارگزاران"، لە دانیشتنی ئەندامانی شۆرای حیزبەکەی باسی لە تاڵانکارییە سیستماتیک و بەڕێکخراوەیی کراوەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕوحانی کردووە و وتوویەتی: تەنیا لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا نیزیک بە ٣٠ میلیارد دۆلار ون بووە.

ناوبراو وتوویەتی: هاوکات لەگەڵ ون بوونی ئەم ٣٠ میلیارد دۆلارە، ٤٠٠ میلیارد تمەنیش لە سیستمی بانکی ئێران بزر بووە کە ئەمە ئەوپەڕی گەندەڵی ڕێکخراو لە ئێران و بەتاڵان بردنی لانیکەم ٧٠٠ میلیارد تمەن لە یەک ساڵی ڕابردوودا پیشان دەدات.

لەیلاز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە هەڵاوسان لە ئێران کردووە و وتوویەتی: "ڕەزیلانەترین" درۆ ئەوەیە کە بڵێین هەڵاوسانی ٤٠%ی ئەمڕۆی ئێران دەرەنجامی گەمارۆکانە! شتی وا بوونی نییە؛ هۆکاری سەرەکی هەڵاوسان لە ئێران بوونی سیستمی بانکیمانە کە بووەتە ناوەندی گەندەڵی لە وڵات.

بەوتەی ناوبراو نرخی هەڵاوسان لە شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە کۆی نرخی هەڵاوسان لە تەواوی دەورانی دەسەڵاتی ڕوحانیدا بووە!