کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا ئاماری لەباربردنی ئاوەلەمە بەرزبووەتەوە

13:00 - 10 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ئەمساڵ لەباربردنی ئاوەلەمە (جنین) لە ئێراندا بەرزترین ئاستی خۆی لە هەموو مێژوودا تۆمار کرد.

جێگری پەروەردەی وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی لەباربردنی ئاوەلەمە لە ئێراندا، ساڵانە بە ٣٠٠ هەتا ٥٠٠ هەزار کەس دەگات. لە هەندێک لە ڕاپۆرتەکاندا ئەم ئامارە بە ٨٠٠ هەزار کەس باسکراوە.

بەم پێیە، ڕۆژانە زیاتر لە هەزار حاڵەتی لەباربردنی ئاوەلەمە لە ئێراندا ئەنجام دەدرێت کە تەنیا دە حاڵەتیان بە شێوەیەکی یاساییە.

بەپێی ئاماری پزیشکی یاسایی ڕێژیم، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی ٦ هەزار کەس داوای لەباربردنی ئاوەلەمەیان بەشێوەیەکی یاسایی کردووە کە لە چاو ساڵی ڕابردوو ئەم ئامارە بە ڕێژەی ١٧.٩ لەسەد بەرز بووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ٩٠ لەسەدی لەباربردنی ئاوەلەمەکان لە ئێراندا بە شێوەیەکی نایاسایی ئەنجام دەدرێن.

دەتوانرێت هۆکارەکانی ئیفلیجیی ئاوەلەمە، چوونە سەری تەمەنی هاوسەرگیری، گۆڕانی دیدی مرۆڤەکان بۆ ژیانێکی ئەمڕۆیانە و پەیوەندیی ناتەندروست لە کۆمەڵگا، وەک هۆکارەکانی چوونەسەری ئاماری لەباربردنی ئاوەلەمە لە ئێراندا دەستنیشان بکرێت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران توانای کۆنترۆڵی ڕێژەی گەشەی حەشیمەت و پێشگرتن لە لەباربردنی ئاوەلەمەی بە شێوەیەکی نایاسایی نەماوە و بەرپرسانی ڕێژیم هیچ پرۆژەیەکیان بۆ پێشگرتن لەم دیاردەیە نییە.