کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا شەقامەکانیش دەفرۆشرێن

10:32 - 2 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە گەندەڵکارییەکانی خۆیان بەردەوامن و ئەمجارە بەرپرسانی شارەدارییەکان دەستیان داوەتە فرۆشتنی شه‌قام ، به‌ر دەرگا‌ و دووكانی‌ خه‌ڵک و بەم شێوەیە خەریکی کۆکردنەوەی داهات و قازانج بۆ خۆیانن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاره‌داریی سه‌قز بە مەبەستی کۆکردنەوەی پارە، هه‌موو شه‌قامه‌ سەرەکییەکانی‌ نێوشاری‌ سه‌قزی‌ بۆ پارکكردنی‌ ماشینه‌كان، هێڵکاری كردووه‌‌ و به‌ موزایده‌ به‌ کەرتی تایبەتی سپاردووە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە زۆربەی ئەو شوێنانه‌ی‌ كه‌ بۆ پارككردنی‌ ماشین دیاری‌ كراوه‌ و لە بەرانبەریدا پارە وەردەگیردرێت، به‌ر دەرگا ‌و دووكانی‌ خه‌ڵكه‌.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بەم کردەوەیەی شارەداریی سەقز باسی لەوە کردووە کە بۆ هەر کاتژمێرێک، بڕە پارەی ٥٠٠ تمەن لە خاوەنی ماشینەکان وەردەگیردرێت و ئەوان بۆ کڕینی بەرچەسپی پارک دەبێ لانیکەم بایی ١٠ هەزار تمەن ئەو بەرچەسپانە شارژ بکەنەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، شارەداری بە شێوەی ساڵانه‌ پارەیەک وەکوو عه‌وارزی‌ ماڵ‌‌ و جاده‌ له‌ خه‌ڵک وەردەگرێت.

هەندێک لە هاووڵاتیانیش كه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر كار‌ و ماشینه‌كان له‌سه‌ر جاده‌دا ڕاده‌گرن، كێشه‌یان بۆ ساز بووه‌‌ و له‌م قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌دا، پارەی‌ ئه‌وه‌یان نییه‌ کە بۆ پاركی ماشینەکەیان بیدەن و زۆرێک له‌ خه‌ڵک ماشینه‌كانیان له‌ شوێنه‌ چۆڵه‌كاندا داده‌نێن کە بەهۆی کەمبوونی ئەو جۆرە شوێنانەش كێشه‌یه‌كی‌ زۆر بۆ هاووڵاتییان دروست بووه ‌کە ئەمە ناڕەزایەتیی  ئەوانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە کە شارەداری دەوروبەری پارکەکانیشی هێڵکاری کردووە کە ئەمە جگە لە دانیشتووانی سەقز، کێشەی بۆ ئەو کەسانەش ساز کردووە کە وەک گەشتیار سەردانی ئەو شارە دەکەن.