کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠ لەسەدی بوومەلەرزەلێدراوانی سەرپێڵی‌زەهاو زێدی خۆیان بەجێ هێشتووە

12:20 - 2 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: نەبوونی سەرپەنا و نۆژەن نەکردنەوەی ماڵەکانی خەڵک لە لایەن ڕێژیمەوە و هەروەها ئەستەمبوونی باری ژیان لە سەرپێڵی‌زەهاو، بووەتە هۆی کۆچی ٣٠ لەسەدی خەڵکی ئەو شارە.

دوای نزیک بە ٧ مانگ لە تێپەڕبوونی کارەساتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، هێشتا لێقەوماوانی ئەو ناوچانە ئاوارەن و لە خزمەتگوزارییەکانی ژیان بێبەشن و نەبوونی سەرپەنا و هەژاری وای کردووە، کە خەڵکی ناوچەی سەرپێلی‌زەهاو زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن.

کەمتەرخەمییە بەئەنقەستەکانی ڕێژیم لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان، باری خراپی ژیان، بێبەشبوون لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان و هاتنی وەرزی گەرما بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی لێقەوماوی سەرپێڵی‌زەهاو، هیوایان بە ژیان لە زێدی خۆیان نەمینێت و دەرفەتێک بدۆزنەوە بۆ کۆچ لەو ناوچەیە.

موجتەبا جاسمی، ئەندامی شۆرای شاری سەرپێڵ، ڕایگەیاندووە: ٣٠ لەسەدی دانیشتووانی شاری سەرپێڵ و گوندەکانی، بەروە شاری کرماشان و شارەکانی دەوروبەر کۆچیان کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەو یارمەتییانەی کە لە لایەن خەڵکەوە بۆ لێقەوماوان نێردراون، هیچیان نەگەیشتوونەتە دەست خەڵکی سەرپێڵ و پارە نەختییەکانیش لە هیچ پرۆژەیەکی ئاوەدانی و نۆژەنکردنەوەدا سەرف نەکراوە.

جاسمی، لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو یارمەتییە خەڵکیانە کە بۆ لێقەوماوان کۆ کراون و چەندین میلیارد تمەنن، بە سازمانی هیلال ئەحمەر دراوە کە لە نێوان خەڵکدا دابەش بکرێت، بەڵام هەتا ئێستە هیچ پارەیەک دابەش نەکراوە.

ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، بە کەڵکئاژۆ وەرگرتن لە کارەساتی بوومەلەرزە لە پارێزگای کرماشان، سیاسەتە فاشیستییەکانی بە دژی کورد بەرەو پێش دەبات و خەڵکی ئەو ناوچانە ناچار بە کۆچی نابەدڵ دەکات.