کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٣ لەسەدی خۆکوژییەکان لە ئێران، لە ناوچە پەراوێزنشینەکاندا ڕوو دەدات

11:16 - 15 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی ئەنجومەنی پزیشکانی دەروونیی ئێران ڕایگەیاند کە بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی، ٧٣ لەسەد لە هەوڵەکان بۆ خۆکوژی لە ئێراندا، لە ناوچە پەراوێزنشینەکان و بە هۆکاری ئابووری ڕوودەدات.

''مریەم ڕەسووڵییان'' بەرپرسی ئەنجومەنی پزیشکانی دەروونیی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ ڕەزبەر، لەهەمبەر ڕێژەی خۆکوژی لە ئیراندا وتی: ''بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی، ٧٣ لەسەدی حاڵەتەکانی هەوڵدان بۆ خۆکوژی، لە ناوچە پەراوێزنەشینەکانن کە ئەوە نیشاندەری ڕۆڵی پرسی ئابووری لە ڕوودانی ئەم خۆکوژیانەیە".

لە ساڵەکانی ڕابردووەوە، لەگەڵ ئەوەی کە ئابووریی ئێران تووشی قەیران بووە، هەژاری پەرەی سەندووە و حەشیمەتی پەراوێزنشینەکان بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە و بە وتەی یەکێک لە بەناو نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیمدا، حەشیمەتی پەراوێزنشینان گەیشتووەتە ١١ ملیۆن کەس.

"ڕەسووڵییان" باسی لەوە کرد کە پارێزگاکانی: "ئیلام، کرماشان، لوڕستان و کەهکیلویە و بویر ئەحمەد"، زیاترین ئاماری خۆکوژییان هەیە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە لە ساڵی ڕابردوودا، لە هەر ١٠٠ هەزار کەس، ٦ کەس بەهۆی خۆکوژییەوە گیانی خۆیان لەدەست داوە.

هەروەها ناوبراو زیادی کرد کە "خەمۆکی" یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکانی هەوڵدان بۆ خۆکوژییە.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، نزیکەی ٣٠ لەسەدی خەڵکی ئێران، واتە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس، تووشی کێشە دەروونییەکان بوونە.