کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٥ لەسەدی دراوی هەناردەکراوی ئێران نەگەڕاوەتەوە

12:14 - 17 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری ئابووری و دارایی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ٥٥ لەسەدی دراوی بەرهەمهاتوو لە هەناردەکردنی غەیرەنەوتی، نەگەڕاوەتەوە وڵات.

"فەرهاد دژپەسەند"، وەزیری کاروباری ئابووری و دارایی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا، نزیکەی ٦١ میلیارد دۆلار هەناردەکردنی غەیرەنەوتیمان هەبووە کە لەو ڕێژەیە تەنیا ٤٥ لەسەدی هەناردەکردن، واتە ٢٧ میلیارد دۆلاری بۆ وڵات گەڕاوەتەوە و زیاتر لە نیوەی ئەو ڕێژەیە نەهاتووەتەوە".

هەروەها ناوبراو ڕێژەی ئەو ماڵیاتانەی کە لە ئێراندا نەدراوە و تۆمار کراوە، لە نیوان ٣٠ تا ٤٠ هەزار میلیارد تمەن مەزەندەی کردووە.

ئەگەرچی مەجلیسی خودی ڕێژیم لە یاسای بودجەی ساڵی ٩٨دا ناوەندگەلێک وەک "ئاستانی قودسی ڕەزەوی، بۆنگا ئابوورییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران و ستادی فەرمانی بەڕێوەبەریی فەرمانی ئیمام"، کە لە ناوەندەکانی ژێر کۆگای دەفتەری ڕێبەریی ڕیژیمی ئێرانن، بە پێدانی ماڵیات ئەرکدار کردبوو.

بەڵام لە هەمان کاتدا، لە حاڵەتگەلێکدا کە "ئیجازەی ئاشکرای "وەلیی فەقیهـ"ـی لەسەر بێت، وەک حاڵەتگەلی هەڵکەوتە، ماڵیاتیان لێ وەرناگیردرێت.

هەندێک لە کارناسانی ئابووری، هۆکاری بێهیوایی دەوڵەت و بانکی ناوەندی لە گەڕاندنەوەی دراوە هەناردەکراوەکان بۆ وڵاتیان، بۆ ناڕوونیی جەوی ئابووری و ڕانتخۆریی شیرکەتە "خسوولەتییەکان" گەڕاندووەتەوە.