کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٠ لەسەدی سامانی میللیی ئێران لە دەستی چوار ناوەندی سەرەکیی ڕێژیمدایە

11:51 - 31 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بە وتەی ڕێفۆرمخوازەکانی نێو دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران، ٦٠ لەسەدی سامانی میللیی ئێران لە دەستی چوار ناوەندی سەرەکیی ڕێژیمدایە.

"بێهزاد نەبەوی"، لە چالاکانی سیاسیی ڕێفۆرمخواز، ڕایگەیاندووە کە ٦٠ لەسەدی سامانی میللیی ئێران لە دەستی چوار ناوەندی ڕێژیمدان کە ئەم چوار ناوەندە بریتین لە: "ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام"، "قەرارگای خاتەم"، "ئاستانی ڕەزەوی" و "بونیادی موستەزعەفان".

ئەم چوار ناوەندەی سەر بە ڕێژیم، بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەژێر چاوەدێریی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێراندان کە بە وتەی "نەبەوی" لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا هیچ ئامارێک سەبارەت بە داراییەکانی ئەم ناوەندانەوە ڕانەگەیەندراوە.

ساڵی ٩٢ی هەتاوی، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لەمبارەوە ڕایگەیاند کە تەنیا دارایی ستادی فەرمانی ئیجرایی ئیمام، زیاتر لە ٩٥ میلیارد دۆلار بەراورد کراوە کە ئەم ئامارە بەپێی شرۆڤە و ڕاگەیاندنی بەرپرسانی فەرمیی خودی ئەو ستادە، ئاماری بوورسی تاران و ماڵپەڕی شترکەتەکان و هەروەها زانیارییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا دیاری کرابوو.

دانپێدانانی "بێهزاد نەبەوی" وەکوو یەکێک لە ڕێفۆرمخوازەکانی نێو دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە هەبوونی گەندەڵی و دزیکردن لە سەرمایەی میللیی خەڵکی ئێران، لە حاڵێکدایە کە خودی ڕێفۆرمخوازەکان سەرەڕای ئاگاداربوون لەم چەشنە گەندەڵی و دەستبەسەرداگرتن بە سەر داهات و سەرمایەی خەڵکدا، بەردەوام باس لە ڕێفۆرم دەکەن و ساڵانێکە خەڵکی ئێرانیان بەم شێوەیە لە ناڕەزایەتیدەربڕین، بە هیوای گۆڕان لە بەڕێوەبەریی ڕێژیمی ئێراندا، پاشگەز کردووەتەوە کە ئەمەش نیشاندەری ئاڵۆزیی نێوان دەسەڵات و دوو باڵی بناژۆخواز و ڕێفۆرمخواز لە ئێراندایە.