کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨ لەسەدی قوتابییانی قۆناغی دواناوەندی لە پارێزگای سنە، وازیان لە خوێندن هێناوە

18:01 - 4 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: جێگری پەروەردەی دواناوەندیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە کە ٨ لەسەدی قوتابییانی قۆناغی دواناوەندیی ئەم پارێزگایە وازیان لە خوێندن هێناوە؛ ڕێژەی کچان لەم وازهێنانەدا زیاتر لە کوڕەکانە.

مێهدی نامدار، جێگری پەروەردەی دواناوەندیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیرنا" ڕایگەیاندووە کە بە پێی لێکۆڵینەوەکان، ٨ لەسەدی قوتابییانی قۆناغی دواناوەندی وازیان لە خوێندن هێناوە.

بە وتەی نامدار، بە گشتی لەم ساڵدا، یەک هەزار و ٦٨٥ قوتابیی کچ و کوڕ لە پارێزگای سنەدا وازیان لە خوێندن هێناوە که ٤٨٥ کەسیان پۆلی شەشەمی سەرەتایی و یەک هەزار و ٢٠٠ کەسیشیان لە پۆلی نۆیەمدا خوێندوویانە و تاکوو ئێستا لە قۆناغەکانی سەرەوەتردا ناونووسییان نەکردووە کە ئەمە بە مانای وازهێنانی ئەو کەسانە لە خوێندنە.

نامدار، هۆکاری سەرەکیی وازهێنان لە خوێندنی ئەم قوتابییانەی بۆ هۆکارگەلێک لە چەشنی هەژاری فەرهەنگی و ئابووری، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە تەمەنی خوارەوە لە نێوان کچان، سەرقاڵبوونی کوڕەکان به کاری بێ داهات، نەبوونی قوتابخانە لە گوندەکان و خراپی ڕێگەی هاتوچۆی هەندێک لە گوندەکان گەڕاندەوە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە زۆربەی بنەماڵەکان ئیزنی ئەوە بە کچەکانیان نادەن کە لە خەوتنگەکاندا بمێننەوە و خەوتنگەکانیش بە چۆڵی ماونەتەوە.

بارودۆخی نالەباری ئابووری زۆرترین ڕەنگدانەوەی لە وازهێنانی قوتابییان لە خوێندندا هەیە، چونکە زۆربەی هەرەزۆری بنەماڵەکان لە کوردستاندا لە ژێر هێڵی هەژاریدان و داهاتێکی وایان نییە کە بتوانن پێداویستییەکانی خوێندن و ژیانی منداڵەکانیان دابین بکەن، بۆیە ناچارن منداڵەکانیان لە خوێندن بێبەش بکەن.