کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩٠ لەسەدی منداڵانی کار قوتابییە هەژارەکانن

11:13 - 19 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: زۆربەی منداڵانی کار لە ئێراندا لەو قوتابییانە پێک دێن کە بە هۆی هەژاری و باری نالەباری ئابووریی بنەماڵەکانیان وازیان لە خوێندن هێناوە.

فاتمە سەعیدی، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، وتوویەتی: زیاتر لە ٩٠ لەسەدی منداڵانی کار، ئەو قوتابییانەن کە وازیان لە خوێندن هێناوە و بەشێکی زۆریان بە زۆرەملێ و تەنیا بە مەبەستی دابینکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکانیان وازیان لە خوێندن هێناوە.

ئەم نوێنەرەی ڕێژیم، هۆکاری سەرەکیی وازهێنانی منداڵانی کار لە خوێندنی بۆ نەبوونی ئابوورییەکی باش، بێسەرپەرەستی یان سەرپەرەستی خراپ گەڕاندووەتەوە و داوای لە خێرخوازەکان کردووە، کە بۆ نەمانی ئەم کێشەیە هاوکاریی دامەزراوە خەڵکی ـ حکوومەتییەکان بکەن.

ئەم کێشەیە، لەحاڵێکدا بووەتە دیاردە کە بەپێی یاساکانی خودی رێژیم دەبێت بەرپرسانی حکوومەتی پێوەندیدار بەو بەشە چارەسەری بکەن، بەڵام بە هۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم لە ڕاستای داهاتووی منداڵانی ئێران و تەرخانکردنی بوودجەی پەروەردە و بارهێنان بۆ شەڕ و ئاوەدانیی لوبنان و فلستین بە مەبەستی پەرەپێدان بە شەڕ و ئاژاوە، دەبێت دەستی هاوکاریی بۆ لایەنە خەڵکییەکان ڕابکشرێت.